قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تا کۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی خاکی عێراق جێدەهێڵن، هاوکات ڕوونیشی کردەوە، کشانەوەکە سەرجەم هێزەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگرێتەوە، بەوانەشەوە کە لە هەرێمی کوردستان جێگیر کراون.
ئەعرەجی وتیشی: لە 30ی ئەیلوول هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی لە عێراق دەکشێنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەنێوان حکومەتی پێشو و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرابوو، لایەنی ئەمریکیش ئامادەیی تەواوەتی خۆی بۆ کشانەوە لە وادەی دیاریکراو نیشان داوە.
بە وتەی ئەعرەجی، پرۆسەی کشانەوەکە سەرجەم ئەو هێز و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانە دەگرێتەوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتوون، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هاوکات سەبارەت بە چەکی گروپەکان و ئەو لایەنانەی مەرجیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان داناوە، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی ڕێکخستنەوەی چەک، دوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان تاوتوێ دەکرێت.