شارپرێس:
وەزارەتی ئابوریی ئێران "بارەگای جەنگی ئابووری"ی بۆ خێراکردنی چارەسەری لێکەوتەکانی جەنگ، سزاکان و گەمارۆی ئەمریکا دامەزراند؛ ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵکشانی گوشارەکانی سەر هەناردەی نەوت، دراوە بیانییەکان، بازرگانی و زیادبوونی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە سووتەمەنی، نرخەکان و بژێویی خەڵک.
ئەم هەنگاوە دوای 6 مانگ لەجەنگ دێت، بەوپێیەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جەخت لە چڕکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان هاوشانی گەمارۆی دەریایی دەکاتەوە، تا داهاتی نەوتیی تاران و توانای دەستگەیشتنی بە تۆڕە داراییە نێودەوڵەتییەکان کەم بکاتەوە.
مورتەزا زەمانیان، جێگری وەزیری ئابووریی ئێران بە وکالەتی "تەسنیم"ی سەر بە "سوپای پاسداران"ی ڕاگەیاندووە بارەگاکە لە قۆناغی یەکەمدا تەرکیز دەکاتە سەر دۆسیەکانی ناو دەسەڵاتی وەزارەتەکەیان و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی تر دەکات بۆ ڕێگریی لە پەککەوتنی کارەکان لەناو ڕۆتینی بیرۆکراسیدا.
ڕۆژی شەممە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" بەئامانجگرتنی 3 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی ڕاگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر 2 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی.