دوای هۆشدارییەکەی بن زاید ئیسرائیل هەوڵی پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئیمارات دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لەلێکەوتەکانی هۆشدارییەکەی محەمەد بن زاید چڕتر دەبنەوە، لەکاتێکدا جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییە نێزیکەکان لەگەڵ ئەبوزەبی دەکرێتەوە سەرەڕای مەترسییە سیاسییەکان.


لایەنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل‌و لەسەروشیانەوە سوپا، هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات کە ئیسرائیل وەک پەیوەندییەکی ستراتیژی وەسفیدەکات، ئەم هەنگاوەش دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە دێت کە ئاماژە بەوەدەکەن، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیمارات، هۆشدارییەکی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردوە.

بەگوێرەی ئەوەی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان" بڵاویکردوەتەوە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەدوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە، کار بۆ گەیاندنی پەیامێک بەئەبوزەبی دەکەن کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی، هاوکاریی‌و پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردولا بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن.

سەرەڕای مەترسییەکانی ئیمارات لەوەی کە ڕەنگە ئەم بابەتە ڕەهەندی سیاسیی پەیوەست بەهەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئیسرائیلی بەدواوەبێت، بەڵام لەئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتوندوتۆڵی ماونەتەوەو پەیوەندیی‌و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوانیان بەردەوامە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و ئیمارات لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیانکردوە، بەتایبەتی لەچەند مانگی ڕابردوداو هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی‌و سەربازیی پەیوەست بەڕوبەڕوبونەوەی ئێران.

پێشتر ڕۆژنامەی "هائارتس" پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئاشکراکردبوو کە خرابوە پاڵ محەمەد بن زاید لەگەڵ ناتانیاهۆ کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەیامێکی هۆشداریی لەبارەی پەرەسەندنەکان‌و سیاسەتەکانی ئیسرائیلەوە لەخۆ گرتبوو، لایەنە فەرمییەکانی ئیسرائیل بەتەواوی وردەکاری یان ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەیان پشتڕاستنەکردوەتەوە.

لەیەکەم لێدوانی فەرمی ئەبوزەبیشدا لەسەر ئەوەی ڕۆژنامەی "هائارتس" بڵاویکردبوەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاندوه‌، وڵاتەکەی هەموو ئەو زانیارییە هەواڵگرییە پەیوەندیدارانە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکات.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بۆ پاراستنی کەناڵەکانی هاوکاری لەگەڵ ئەبوزەبی، ئاماژەیە بۆ گرنگیی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردولا، بەتایبەتی لەسایەی گرژییە ناوچەییە هەڵکشاوەکان‌و ئەو هەڕەشانەی کە بەئێرانەوە بەستراونەتەوە، جیا لەهەستیاریی هەر پاشەکشەیەکی ئەگەریی لەپەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و ئیمارات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەوڵدەدەن جیاکاریی لەنێوان ناکۆکی یان پەیامە سیاسییەکان‌و ئەو هاوکارییە ئەمنییە بکەن کە لەئارادایە بەشێوەیەک کە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لەم قۆناغە هەستیارەدا بپارێزرێت.