وڵاتێکی عەرەبی بەچوار مەرج پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی دەکاتەوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ڕایگەیاند کە بەشداریی لە هیچ کۆبوونەوەیەکی وەزاریدا ناکات لەبارەی سەقامگیریی گەرووی هورمزەوە کە ئێران بەشدار بێت تێیدا، تا ئەو کاتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان ئاسایی دەبنەوە، هەروەها ئەم هەڵوێستەی بە فەرمی گەیاندووەتە سوڵتانشینی عومان.

بەحرێن جەختی کردۆتەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بە بێدەنگبوون لە دەستدرێژییەکان ناپارێزرێت و ئاشتی ڕاستەقینە لەسەر چوار بنەمای سەرەکیی بنیادەنرێت کە ئەوانیش؛  وەستاندنی دەستدرێژییەکان، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەکارنەهێنانی خاکیان بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان، بەپێزی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕێگەی یاسایی.

سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردۆتەوە کە دەبێت هەر ڕێکخستنێک بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان لە ساڵی 1982 بێت و ڕەزامەندیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی لەسەر بێت، بە شێوەیەک کە مافی تێپەڕبوونی ئازاد بۆ هەموو کەشتییەکان بە بێ جیاوازیی یان باج زامنبکات و هەموو وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەشدار بن.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەحرێن لە ڕێگەی یاسایی و دیپلۆماسییەوە بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئازادیی دەریاوانی و پشتیوانی هەوڵە ئاشتیییەکان دەکات، بەڵام ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی نەبێت قبوڵ ناکات.