شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، توانیویەتی رێکارەکانی فرۆشتنی دوو موڵکی دەوڵەت لەپارێزگای ئەنبار بەکەمتر لەنرخی ڕاستەقینەیان ڕابگرێت، بەوەش رێگری لەبەهەدەردانی زیاتر لەچوار ملیار و نیو دینار لەسامانی گشتی کراوە.
دەستەكە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندوە، تیمێکی مەیدانی سەر بەنوسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار لەکاتی بەدواداچونیان لەفەرمانگەی خانوبەرەی دەوڵەت لەپارێزگاکە، سەرپێچییان لەخەمڵاندنی بەهای دوو موڵکدا ئاشکرا کردوە کە ڕوبەری گشتییان 186 دۆنمە و بڕیار بوو بە زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن.
ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی پابەندنەبوون بە دیاریکردنی بەهای راستەقینە و تێکڕای نرخە باوەکان، نزیک بوو بڕی 4,650,000,000 (چوار ملیار و 650 ملیۆن) دینار لە سامانی گشتی بەهەدەر بچێت، بەڵام پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە راگیراوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەدواداچونی تیمەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانوبەرە، نەخشەدانانی شارستانی و دەستەی گشتیی باجەکان دەریخستوە کە سەرپێچی لەرێنماییەکانی خەمڵاندن کراوە و شوێنی موڵکەکان بە وردی دیاری نەکراوە بە مەبەستی دابەزاندنی بەهاکەیان، ئەمەش بە پێچەوانەی حوکمەکانی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت ژمارە 21ی ساڵی 2013 بوە.
