قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی ڕاگەیاند

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێگریکردن لەزیادەڕۆیی و پاککردنەوەی شۆستەو شەقامەکان دەرکرد.


قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەیەکدا بەسەرپەرشتیی فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت و بەئامادەبوونی لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشار، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕێکاری و نوێنەرانی هاتوچۆو ئاسایش، گفتوگۆ لەبارەی دیاردەی زیادەڕۆیی کراوەو چەند بڕیارێک دراون.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە بەڕێکخستنەوەی کۆشک، مێزو عەرەبانەکان و لابردنی سەرجەم ئەو ڕێگرییانەی کراونەتە سەر شۆستەو شەقامەکانی شارەکە.

لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە، ڕێکاری یاسایی توند دەگیرێتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی مامەڵەی نایاسایی بەو شوێنانەوە دەکەن، یان ئەوانەی پابەندی ڕێنماییەکانی لیژنە پەیوەندیدارەکان نابن.