بارانبارین بەڕێوەیە و پلەکانی گەرما دادەبەزن

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لەکۆتاییەکانی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لەهەرێمی کوردستان بکات، هاوکات پێشبینی دابەزینی پلەکانی گەرماش دەکرێت.


هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت،" لە کۆتایی ئەم مانگەدا گۆڕانکاری بەرچاو لە کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رودەدات، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە قۆناغێکی دیكەی دابەزینی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات و کەشێکی تەواو پاییزی دروست دەبێت".

ئەوەشیخستەڕوو،" بڕ و جۆری ئەم بارانە لەنێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی بارانبارینەکە زیاتر دەبێت و تەنانەت لەهەندێك کاتدا دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ ".

ئەو شارەزای کەشناسییە باسی لەوەشکرد،" لەگەڵ هاتنی ئەم بارستە هەوایەدا، هەروەها بڕێکی زۆر شێ ڕێژەیی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەكات و بەهۆیەوە شەپۆڵێکی بارانبارین و هەورەبروسکە زۆربەی زۆری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە یەکەم شەپۆڵی بارانبارینی گشتگیر لە هەرێمی كوردستان.