كۆبونەوەی هەرێمی وڵاتانی كەنداو و ئێران دواخرا

جیهان

44 خولەک پێش ئێستا‌ 87 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی بڕیاربوو، بەئامانجی ڕێككەوتن ئەمڕۆ كۆبونەوە هەرێمییەكەی سەڵاڵە بەڕێوەبچێت، وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند، کۆبونەوە هەرێمییەکە بەئامانجی بەدیهێنانی سازان بوو، بەڵام دواخراوە.


بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لەپۆستێکدا لەئێکس جەختی لە پابەندبونی بەردەوامی وڵاتەکەی بەپەرەپێدانی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە، کە پشتیوانی لەسەقامگیری و هاوکاریی هەمیشەیی لەناوچەکەدا دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی عومان لەمبارەیەوە ڕونیکردەوە، بڕیاری دواخستنی کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە لەپێناو ڕەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ گفتوگۆی بونیاتنەر دراوە، کە تێگەیشتنی بەردەوام بەدیبهێنێت و وەڵامدەرەوەی ویستی گەلانی ناوچەکە بێت بۆ هاوکاری و ئاشتی.

محەممەد عەلی بەک، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کەنداو لەوەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بەم بڕیارە وتی، بڕیاری دواخستنی کۆبونەوەکە لەسەر داوای هەندێک لەوڵاتانی ناوچەکەو بەرێککەوتنی هاوبەشی نێوان عومان و ئێران بوە. تاران بەهەماهەنگیی چڕ لەگەڵ مەسقەت، کاری پێویست بۆ دیاریکردنی وادەی نوێ دەکات.