شارپرێس وەزارەتی تەندروستی هێنایە دەنگ؛"نەخۆشێک دوای نەشتەرگەریی بینایی چاوی لەدەستدا"

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای یەک رۆژ لە چاوپێکەوتنی پەیامنێری شارپرێس لەهەولێر لەگەڵ هاوڵاتییەک کە باس لەوەدەکات کە دوای ئەنجامدانی نەشتەرییەک بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بینایی چاوی لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستی هاتەدەنگ و دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو دۆسیەیە پێکهێناوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەنوسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر کردوە، ئاماژەی بەوەکردوە،" هاوپێج لەگەڵ نوسراوەکەماندا وێنەیەک لە سکاڵای هاوڵاتی (ئەلەند سەڵاح کەریم) و یاداشتی (قاسم سلێمان حەکیم) لێپرسراوی بەشی سکاڵای هاوڵاتییان لەبەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچون لەدژی پزیشکێک بۆتان ڕەوانە دەکەین بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجامبدەن بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە ".

هەر لەوبارەیەوە، وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە،" سەبارەت بە حالەتی نەخۆشێک بەلەدەستدانی بینین لەدوای نەشتەرگەری چاو تایبەت بەکەیسی پزیشکێکی شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانی پشکنین و بەدواداچون دوو هەفتە بەرلەئێستا کاری پێویستیان ئەنجامداوە بەوەرگرتنی سکاڵای نەخۆش، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی داوە لە 2026/9/2 لەگەڵ دادوەری داواکاری گشتی بەمەبەستی ڕێکاری یاسایی.