باڵیۆزی ئیسرائیل لەئیمارات دەڵێت سوپڕایزێک بەڕێوەیە.. ئەگەری هەیە کوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یۆسی شیلی، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئیمارات ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە لە ماوەی چوار تا شەش مانگی داهاتوودا وڵاتێکی نوێ پەیوەندیی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکات، و ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە کوێت وڵاتی داهاتوو بێت. 

 
شیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان" ڕوونی کردەوە کە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی ئەم ڕێککەوتنانە بەردەوامن و هەمووان کاری لەسەر دەکەن. ئەو پێی وابوو نیشانە هەن کە کوێت دەستی کردووە بە تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە.

ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی ئیسرائیل هاوكات بوون لەگەڵ تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر بەشداربوونی ئیمارات لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم کە لە ساڵی 2020دا پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دامەزراند. 

شیلی جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەبو زەبی ئاستی جیاوازیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام ئاڕاستەی ئێستا زۆر ئەرێنییە و هەردوولا لە ساتەوەختە یەککەرەوەکاندا هاوبەشی ڕاستەقینەی یەکترن.