حوسییەكان خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی سعودیەیان ڕاگەیاند

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حوسییەکانی یەمەن ئاشكرایانكرد، فرۆکەیەکی جەنگی سعودیەیان لەجۆری F-15 بەموشەکی زەوی بۆ ئاسمانی دروستکراوی ناوخۆ لەپارێزگای مارب خستەخوارەوە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان  لەرِاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییان توانیویانە بەموشەکێکی زەوی-بۆ-ئاسمانی کە دروستکراوی ناوخۆییە، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15ی دروستکراوی ئەمریکیی سەر بەسعودیە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکانیدا بپێکن و بیخەنە خوارەوە.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان  ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بەرپەرچی 2 دەستەی دیکەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-15ی ئەمریکی و تایفونی دروستکراوی ئەوروپییان داوەتەوەو ناچاریان کردون لەکاتی گەڕانیاندا بەدوای پاشماوەی فڕۆکەکەدا پاشەکشە بکەن.

هاوکات حوسییەکانی یەمەن تیشکیان خستوەتەسەر ئەوەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هەڵمەتێکی چڕی بۆردومانیان بەڕێوەبردوەو زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانییان لەرێگەی فڕۆکەکانی F-15 و تایفونەوە ئەنجامداوە.