حكومەتی هەرێم بڕیاری لەجیاتیدانانى فەرمانبەرانی كاراكردەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 673 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەكۆبونەوەی ئەمرۆیدا، بڕیاریدا پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کارا بکرێتەوە کە لەسەر داهاتی ناوخۆ لەهەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دامەزراون.


ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلولی 2026 ئەنجومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوەوە.

هاوكات، دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند کە پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا پێویستە 14% بێت نەک 12.67%، چونکە ئەم رێژەیەی ئێستا پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییەیە کە خودی بەغدا ئەنجامی داوە، هەر بۆیە بە تەواوی رەتیدەکەنەوە و پێویستە وەزیری پلاندانانی عێراقیش لەسەر ئەم پرسە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

وتەبێژی حکومەت ئاشکرایکرد کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ کۆبونەتەوەو لێکنزیکبونەوەیەکی زۆر باش و کەشێکی ئەرێنی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، بەجۆرێک هەوڵەکان چڕکراونەتەوەو زەمینەیەکی گونجاو هاتوەتە ئاراوە، جەختیشی کردەوە کە کابینەی داهاتوو درێژەپێدەری کابینەی 9 دەبێت.