وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی ڕاگەیاند

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریی تەواوی واشنتۆنی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک لەناو خاکی عێراق یان بەکارهێنانی خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر.

 
ئەم ڕاگەیاندنەی واشنتۆن لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا هات سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە هۆشداریی ئەمریکا دەکەن بۆ عێراق لە ئەگەری سستبوونی ڕێکارەکان بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان، هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی و ئابووریی یان سنووردارکردنی مامەڵە بە دۆلارەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆک وەزیران زەیدی لە 14ی تەمموزی ڕابردوودا، بە ڕوونی دووپاتی کردۆتەوە کە ئەمریکا پشتگیری لە بینینی ئایندەیەکی گەشتر دەکات بۆ گەلی عێراق بە بێ بوونی تیرۆر. 

هاوکات جەختی کردەوە لە پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەپاندنی سەروەری و پاراستنی ئاسایش لەژێر سەرکردایەتیی زەیدی و بە شەراکەتی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

وتەبێژەکە هیچ ئاماژەیەکی بە درووستی ئەو ڕاپۆرتانە نەدا کە باس لە سزای دارایی یان سنووردارکردنی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەکەن، بەڵام هاوکات ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە پشتیوانی لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی دەکات.