پەرلەمانتارێك بەحەوت ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دەرچونی حوکمی زیندانیکردنی بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر (بەهادین نور محەمەد حسێن) ناسراو بەبەها نوری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ڕاگەیاند.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی ناوەندی بە پشتبەستن بەبڕگەکانی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو حوکمەکەی دەرکردووە، پاش ئەوەی سەلمێنراوە کە قەبارەی هەڵئاوسانی سامانی ناوبراو گەیشتووەتە زیاتر لە 5.8 ملیار دینار و نزیکەی 10.9 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

دادگا بڕیاریداوە پەرلەمانتارە تاوانبارکراوەکە پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی تەواوی بەهای دەستکەوتە نایاساییەکە، کە بە دیاریکراوی بریتییە لە 5,887,850,000 (پێنج ملیار و هەشتسەد و هەشتا و حەوت ملیۆن و هەشتسەد و پەنجا هەزار) دیناری عێراقی، لەگەڵ 10,990,787 (دە ملیۆن و نۆسەد و نەوەد هەزار و حەوتسەد و هەشتا و حەوت) دۆلاری ئەمریکی؛ هاوکات بەپێی ماددەی (19/چوارەم) لە یاسای دەستەکە، پێبژاردنێکی دارایی هاوتای بەهای پارە نایاساییەکە بەسەریدا سەپێنراوە کە بە کۆی گشتی بڕی پارەی گەڕاوە و سزا داراییەکە زیاتر لە 40 ملیار دیناری عێراقی تێدەپەڕێنێت.

دەستەی دەستپاکی ڕونیشیکردەوە، هەر لەچوارچێوەی دادگاییکردنەکەدا و بەپێی ماددەی (19/پێنجەم)، دادگا حوکمێکی دیکەی بە بەندکردنی توند بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر ناوبراودا سەپاندووە بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لەفۆرمی ئەستۆپاکی دارایی تایبەت بە خۆی، هاوکات بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی قورسترین سزا بەسەریدا (سزای 7 ساڵەکە)، لەگەڵ پەسەندکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکانی.