شارپرێس:
لە نێوان لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە خواستی ئێران
بۆ ئیمزاكردنی ڕێککەوتنێک و توندبوونی گوتاری بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
دەربارەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، پرسیارەکان دەربارەی ئاڕاستەی داھاتووی ڕووبەڕووبوونەوەکە
زیاتر دەبن: ئایا واشنتۆن ئامانجی گۆڕینی ڕەفتاری تارانە، یان پێشھاتەکان زەمینەسازیین
بۆ ئۆپەرسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوتر؟
چوار شارەزا و ئەکادیمی لە لێدواندا بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی، خوێندنەوەی
جیاوازیان بۆ خواستی ئەمریکا و ئیسرائیل خستۆتەڕوو، بەڵام هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تێچووی
ڕووبەڕووبوونەوەکە مەودای مانۆڕکردن لەسەر جەمسەرەکان بەرتەسک دەکاتەوە.
فرانك مەسمار، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری لە زانکۆی مەریلاند ڕایدەگەیەنێت،
لێدوانەکانی ترەمپ ئامانجیان جووڵاندنی دۆخە چەقبەستووەکەیە دوای بێدەنگبوونی گۆڕەپانی
مەیدانی.
مەسمار پەیوەندیی نێوان ئاڵۆزییەکان و نرخی نەوت و وزە ڕووندەکاتەوە و
ئاماژە بەوە دەکات، ھەر ھەڕەشەیەک بۆ سەر ڕێڕەوە دەریاییەکان، بە تایبەت بابولمەندەب،
تێچووی قەیرانەکە لە ئاستی جیهان بەرز دەکاتەوە.
ناوبراو پێیوایە واشنتۆن سازشێک
قبوڵ ناکات کە وەڵامی مەرجەکانی نەداتەوە، هەروەها پێشبینی دەکات بەردەوامیی گوشارەکان
و ئۆپەرسیۆنە سەربازییە سنووردارەکان لە ئارادا بێت بەرپێشھاتنی ڕێککەوتن.
جەختیش دەکاتەوە کە ئیدارەی ئەمریکا خوازیاری ڕاوێژکردنە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی،
و دووریشی نازانێت پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بپەسترێت، بەڵام جیاوازی دەکات
لە نێوان دامەزراوە سیاسییەکانی ئێران و سوپای پاسداران، و کێشەی سەرەکی ئەمریکا بۆ
دەسەڵاتی پاسداران دەگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ئەو، ئەم چەقبەستووییە بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێک
یان لێدانێکی سەربازیی بەهێز کۆتایی دێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەحمەد مەهدی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قوم،
جیاوازی لە نێوان "ڕێککەوتن" و "سەودا" دەکات. ئەو ئاماژە بەوە
دەکات ئێران ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی دەوێت کە بەرژەوەندی هەردولا بپارێزێت، نه ک سات
و سەودایەکی کاتیی.
مەهدی هەڵوێستی ئەمریکای بە تەمومژاوی وەسف کردووە و باسی لەوە کردووە
واشنتۆن پەنای بۆ گوشاری ئابووریی بردووە دوای ئەوەی ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکان
ئامانجە بڕیارپێدراوەکانیان نەپێکا. هەروەها ڕەتیکردەوە هێزەکانی نزیک لە تاران بە
"بریکار" ناوببرێن، بەڵکو بە هاوپەیمانی سەربەخۆیان لە بڕیاری سیاسیی
ناوبرد، و جەختی کردۆتەوە کە ڕژێمی ئێران سەرەڕای لێدان و گوشارەکان هێشتا بەهێز و
بەردەوامە.
لە بەرامبەردا، ئەمجەد تەها، توێژەری سیاسی، پێیوایە ناوچەی خۆڵەمێشی بەرامبەر
ئێران تەسک بۆتەوە و تاران لە نێوان سەودایەک بۆ گۆڕینی ڕەفتاری و ئۆپەرسیۆنێکی سەربازیی
بەربڵاودایە.
تەها ڕایدەگەیەنێت کە واشنتۆن بەرەو
گۆڕینی ڕەفتاری تاران دەڕوات، لە کاتێکدا نەتانیاهۆ ئامانجەکەی بەرەو ڕووخاندنی ڕژێم
بەرز دەکاتەوە، کە ئەمەش پەیوەستە بە حیساباتی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلەوە. هەروەک
ئاماژەی بەوەش کردووە کە گوشارە ئابوورییەکان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان باری ئێرانیان
شڵەقاندووە، و هۆشداریی داوە لە ئەگەری پەنابردنی تاران بۆ ئۆپەرسیۆنی ناڕاستەوخۆ.
لە کۆتاییدا، نیدال شەقێر، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە
دەکات کە تێچووی جەنگ بۆ هەموو لایەک بەرز بۆتەوە، بەڵام ناکۆکیی لەسەر مەرجەکانی
چوونەدەرەوە ڕێگرە لە ڕێککەوتن.
شەقێر ڕوونی دەکاتەوە کە ترەمپ سەودایەکی
دەوێت کە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت و ڕەفتاری ڕژێم بگوڕێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل
ناتوانێت بڕیاری ڕووخاندنی ڕژێم بدات بە بێ بەشداری ئەمریکا.
هەروەها گومان دەکات ڕووخاندنی
ڕژێم بەرژەوەندی ڕاستەقینەی ئیسرائیل بێت، چونکە مانەوەی ڕژێمێکی بێهێز بیانوو دەداتە
تەلئەبیب بۆ بەردەوامبوونی جووڵە سەربازییەکانی.
لە نێوان داواکاریی ڕێککەوتنی ئێران و مەرجەکانی سەودای ئەمریکیدا، ناوچەکە
لە ناو بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێتەوە کە ڕەنگە بە سازشێک یان خولێکی نوێی ئاڵۆزیی
کۆتایی بێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی