شارپرێس:
ئاژانسی "ئاسۆشیەیتد پرێس" وردەکاریی نوێی دیداری نهێنیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، لە ئەبووزەبی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاندووە کە ناتانیاهۆ داوای لە بن زاید کردووە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی پێش هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر ڕەت بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک کە ئاگاداری ناوەڕۆکی دیدارەکەیە، گفتوگۆکانی ناتانیاهۆ و بن زاید بە شێوەیەکی سەرەکیی دەربارەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "هائارتس" بووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو کە بن زاید، پێش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، ناتانیاهۆی ئاگادار کردۆتەوە کە یەحیا سینوار، ڕێبەری حەماس لە غەززە، پلانی بۆ ئەنجامدانی هەنگاوێکی گەورە دژی ئیسرائیل هەیە.
سەرچاوەکە کە وتوویەتی زانیاریی ڕاستەوخۆی لە ناوەڕۆکی دیدارەکە هەیە، گوتوویەتی ناتانیاهۆ داوای لە بن زاید کردووە ئەم ڕاپۆرتە ڕەت بکاتەوە. بەڵام دیار نییە سەرۆکی ئیمارات داواکارییەکەی قبووڵ کردبێت یان نا.
نووسینگەی ناتانیاهۆ و لایەنی ئیماراتیش هیچ لێدوانێکی گشتییان لەبارەی وردەکارییەکانی دیدارەکە نەداوە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ناتانیاهۆ بە نهێنی و بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتۆتە ئیمارات و نزیکەی 4 کاتژمێر لەوێ ماوەتەوە، باس لەوەشکرابوو کە دیدارەکە بەگشتیی دوولایەنە لەنێوان ناتانیاهۆ و بن زاید بووە و ڕێوشوێنی ئەمنیی نهێنیی زۆر توند گیراوەتەبەر.