ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریكا

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکاو وڵاتانی دیکە ئەو ڕاستییە بزانن کە لەو ناوچەیەی ئێران نەوت نەفرۆشێت، هیچ وڵاتێکی دیکە نەوت نافرۆشێت.


محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لەوەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەروی هورمزو هاتوچۆی کەشتییەکان، ئەو قسانەی بەقسەی زل وەسف کرد.
قالیباف وتی، ئەو جۆرە لێدوانانە تەنها دوپاتکردنەوەی بانگەشە کۆنەکانن و ڕاستیی ئەو هەڵوێستانە بۆ هەموان ئاشکرایە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە،" وەک پێشتر گوتومانە، ئەگەر ئاسایشی ئێمە دابین نەکرێت، هیچ ژێرخانێک ئاسایش و سەلامەتیی نابێت". 

قالیباف ڕونیکردەوە، نەتەوەیەک کە خاوەنی مێژویەکی درەوشاوەو ڕیشەدارە، هەرگیز بەگەمارۆو هەڕەشە ناترێت.

قالیباف هۆشداریدا، ئەگەر دەزگای ژمێریاریی ئەمریکا لەم ڕاستییە بنەماییە تێنەگات، ئەوا هەر لەچەرخەی وەرگرتنی زللەی قورس لەلایەن گەلی ئێرانەوە دەمێنێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکای لەکۆبووەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بەسوک وەسف کرد و وتی،"ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر بەگەلی ئێران نیشانەی ئەوەیە ئەوان هێشتا ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕیوە". 
لەبەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانەدا، وەڵامی ئێران هەمان قسەی ڕابردوە "فەرمون بزانم چیتان پێدەکرێت".

قالیباف لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، ئەمریکییەکان با بزانن سەردەمی هەڕەشەو تۆقاندن بۆ لەناوبردنی ئەم نەتەوە شارستانییە کۆتایی هاتوە.