سوپای پاسداران هۆشداری توند دەدات.. چەكی نوێ بەكاردەهێنین

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەگەر پێکدادانەکان شێوازێکی دیکە وەربگرن، سوپای پاسداران چەکی نوێ بەکاردەهێنێت. 


حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند،"دوژمنان سیناریۆی دیکەیان هەیەو ئێمە ئاگاداری ئەو سیناریۆیانەین و خۆمان ئامادە کردوە".

ئاشکراشیکرد، نامەیەکی دڵسۆزانەیان بۆ گەلی ئەمریکا نووسیوە. ئامانجیان لەو هەنگاوە، بەرەوپێشبردنی گوتاری میدیایی و ئاشناکردنی ئەمریکییەکانە بەلۆژیکی ئێران. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، ئەمە هەنگاوێکی کورتخایەن نییە.

سەبارەت بەهەڵوێستی ئەمریکا، وتەبێژی سوپا وتی،"بناغەی پێکهێنانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر درۆ دامەزراوە".

ئەو بەرپرسە ڕونیکردەوە، ئەمریکا بەبیانوی بونی چەکی کۆمەڵکوژ هێرشی کردە سەر عێراق و ملیۆنێک کەسیان کوشت، تەنانەت ئێستا شوێنەوارەکانی ئەو هێرشە بەسەر ئابوریی عێراقەوە قورسایی دەکات.
بەوتەی محیبی، ئەمریکییەکان دوای پشکنینی تەواوی خاکی عێراق، دانیان بەوەدا نا هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ لەو وڵاتەدا نییە.

محیبی ڕاشیگەیاند، بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بەكراوەبونی گەروی هورمز درۆیەکی ڕوتە و هەر کەشتییەکی سەرپێچیکار توشی زیان دەبێت.

محیبی دوپاتیکردەوە کە گەروی هورمز داخراوەو بانگەشەی ئەمریکا لەبارەی کراوەبونی گەروەکە درۆیە. 
لیوا محێبی وتیشی،" ئەمریکییەکان لەگەروی هورمزو لەتاریکیی شەودا، بەخەرجکردنی پارەیەکی زۆرو بەدردەسەر و مەترسییەوە، کەشتییەکی بچوک بەشەودا تێپەڕێنن و بۆ نمونە 100 یان 200 بەرمیل نەوت هەناردە بکەن، مانای کراوەبون نییە؛ ئەمە قاچاخ و دزییە".

محیبی ڕونیکردەوە، مانای کراوەبونی گەروی هورمز ئەو کاتە بوو کە 125 کەشتی تێدەپەڕین و رۆژانە بەلایەنی کەمەوە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیە نییەو بۆیە گەروەکە داخراوە.

سەبارەت بەسەلماندنی داخراوبونی گەروەکە، لیوا محێبی ڕونیکردەوە، هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕێت توشی زیان دەبێت؛ یان ئێمە لێی دەدەین یان کەشتییەکە خۆی بەمیندا دەکێشێت.