شارپرێس:
وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ عێراق بەردەوامەو ئەو لێکگەیشتنەی نێوان عەلی زەیدی و دۆناڵد ترەمپ تەنیا فڕۆکەکانی عێراق دەگرێتەوە.
حەیدەر عەبودی ڕاشیگەیاند، هیچ بڕیارێکی حکومی نییە بۆ قەدەغەکردنی نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئێران لەفڕۆکەخانەکانی عێراق.
دەشڵێت، بابەتەکە پەیوەندیی بەکۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە هەیەو ئەو کۆمپانیایانە لەترسی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا خزمەتگوزارییەکەیان ڕاگرتوە.
جەختیش دەكاتەوە، كە لێکگەیشتنەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێگە دەدات گەشتیارانی عێراق بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە بگوازرێنەوەو وتیشی، ئەم گواستنەوەیە تەنیا لەڕێگەی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراقەوە دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتریش نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی کاتی و سنورداری دایە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران. مۆڵەتەکە تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زیارەتکارانی ئێرانی"یە و واشنتۆن هۆشداری داوە کە ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتییە.