بن غەفیر بەڵێنی سوتاندنی جەستەی "یەحیا سینوار" دەدات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل، بەڵێنی داوە ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیسرائیل ببێتە وەزیری بەرگریی، جەستەی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی دەفتەری سیاسی حەماس، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیراوە، بسووتێنێت.

 
بن غەفیر لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕادیۆی "کان ڕیشێت بێت" وتوویەتی، ئەگەر ببێتە وەزیری بەرگریی، دڵنیایی دەدات لە سووتاندنی جەستەی سیوار و جەستەی ئەو کەسانەی کە بە "تیرۆریستەکانی 7ی ئۆکتۆبەر" ناوی دەبات و لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیراون.

ئەو هەروەک وتوویەتی وەرگرتنی وەزارەتی بەرگریی لەلایەن ئەوەوە هاوکات دەبێت لەگەڵ "گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێباز"ی ئەو وەزارەتە. بن غەفیر داوای وەرگرتنی ئەم وەزارەتە دەکات، ئەگەر بنیامین ناتانیاهۆ بتوانێت دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت.

یەحیا سینوار لە ئۆکتۆبەری 2024 لە باشووری غەززە لەلایەن هێزە ئیسرائیلییەکانەوە کوژرا. بەپێی ڕاپۆرتە سەربازییەکان، هێزەکان لە ناوچەی ڕەفەح تووشی پێکدادانێک لەگەڵ چەکدارانی حەماس بوون و دواتر سیواریان ناساند و کوشت.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی بەرزی ئەمنیی لە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە جەستەی سیوار لە چوارچێوەی هیچ ڕێککەوتنێکی گۆڕینەوەی بارمتەکاندا نادرێتەوە.