یەکەم ژن کە سەرکردایەتی حکومەت دەکات لەمەغریب؛ چی دەربارەی فاتمە زەهرا مەنسوری دەزانن؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1769 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کەمتر لەهەفتەیەک دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مەغریب، پاشا محەمەدی شەشەم، ئێوارەی سێشەممە 29ی ئەیلولی 2026، فاتمە زەهرا مەنسوری وەک سەرۆکی حکومەت دەستنیشانکرد، تا ببێتە یەکەم ژن کە لەمێژوی مەغریبدا ئەم پۆستە وەربگرێت، دەستنیشانکردنی ناوبراو دوای چەندین مانگ لەپێشبینی‌و لێکدانەوە هات کە چانسی گەیشتنی ئەویان بەسەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرز نرخاندبوو.


دوای پێشوازیکردنی لەلایەن پاشاوە، مەنسوری په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند، ئەو دەست بەگفتوگۆو ڕاوێژ لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییه‌كان دەکات، بەمەبەستی پێشکەشکردنی پێشنیازی پێکهێنانی حکومەت لەزوترینکاتدا، بەجۆرێک کە لەئاستی چاوەڕوانییەکانی پاشاو چاوەڕوانییەکانی تەواوی هاوڵاتیاندا بێت.

سەرۆکی شارەوانیی مه‌راكیش‌و کچی پاشا.. فاتمە زەهرا مەنسوری کێیە؟
فاتمە زەهرا مەنسوری کە لەکانونی دوەمی 1976دا لەشاری مەراكیش لەدایکبوە، لەبنەماڵەیەکەوە هاتوە کە ناوی بەکارگێڕیی‌و یاساوە بەستراوەتەوە، باوکی، واته‌ عەبدولڕەحمان مەنسوری، وەک پارێزەر کاریکردوەو پێشتریش پۆستی پاشای شاری مەراكیشی هەبوە.

مەنسوری لەقوتابخانەکانی نێردراوی فەرەنسیدا لەمەغریب خوێندویەتی، پێشئەوەی خوێندنی یاسا هەڵبژێرێت؛ ناوبراو بڕوانامەی یاسای لەزانکۆی "پایس"ی ئەمریکی بەدەستهێناوە، و بڕوانامەی خوێندنی باڵای لەیاسای گرێبەستەکانی کاردا لەزانکۆی "مۆنپێلیێ" وەرگرتوە، هاوڕێ لەگەڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەیاسای تایبەتدا لەزانکۆی محەمەدی پێنجەم لەڕیبات.

مەنسوری لەساڵی 2005وە وەک پارێزەر لەسەندیکای پارێزەرانی مەراكیشدا کاردەکات‌و پسپۆڕە لەیاسای خانوبەرەدا، ئه‌و ڕێڕەوی سیاسیى خۆی لەساڵی 2007دا دەستپێکردو یەکێکبوو لەئەندامە دامەزرێنەرەکانی پارتی (ڕەسەنایەتی‌و هاوچەرخ) لەساڵی 2008دا، لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2015، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمەڵگەیی مەراكیشی بەڕێوەبردوە.

مەنسوری لەساڵی 2024دا سەرکردایەتی پارتی ڕەسەنایەتی‌و هاوچەرخی گرتە دەست کە لەڕێڕەوی ڕاستی ناوەند دادەنرێت، ئەمەش لەچوارچێوەی دەستەیەکی بەکۆمەڵدا کە سێ ڕێکخەر لەخۆدەگرێت.

هەروەها پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی لەو حکومەتەدا هەبوو کە ماوەکەی کۆتاییهات، لەساڵی 2021وە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمەڵگەیی مەراكیش دەکات‌و بڕیارە ماوەی کارەکەی لەو پۆستەدا ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت.

ناوی مەنسوری لەچوارچێوەی گومانەکانی تایبەت بەمامەڵەی نایاسایی خانوبەرەو تێکەڵبونی بەرژەوەندییەکانیشدا هاتوە، لەکاتێکدا خۆی تەواوی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

چرکەساتێکی مێژویی
بەدەستنیشانکردنی، فاتمە زەهرا مەنسوری بوە یەکەم ژن کە لەمێژوی مەغریبدا سەرۆکایەتی حکومەت بکات، لەکاتێکدا پێشتر ژنان پۆستی باڵایان لەچەندین دامەزراوەدا هەبوە، لەوانەش وەزارەتەکان، هەروەها ناوبراو دوەم ژنە کە لەجیهانی عەرەبیدا پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت وەربگرێت دوای (نەجلا بودن)ی تونسی.

مەنسوری ڕۆژی سێشەممە دەستنیشانکردنی خۆی وەک "چرکەساتێکی مێژویی" وەسفکردو وتی، "بۆ یەکەمجار لەمێژوی وڵاتەکەماندا ژنێک بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی حکومەت دەگرێتە ئەستۆ، ئەمە تەنها شانازی نییە بۆ من، بەڵکو بۆ تەواوی ژنانی نیشتمانە، پاشا هەمیشە بڕوای بەژنی مەغریبی هەبوە".

چی چاوەڕێی مەنسوری دەکات؟
ئێستا لەمەنسوری چاوەڕواندەکرێت کە حکومەت پێشبخات‌و پۆستە وەزارییەکان لەنێوان هاوپەیمانەکاندا دابەشبکات‌و بگاتە بەرنامەیەکی حکومیی هاوبەش، هه‌روه‌ها دۆسیەکانی هێزی کڕین، ڕەخساندنی هه‌لى کار، تەندروستی‌و فێرکردن لەپێشەنگی کارە بەپەلەکانی ئەو دەبن، بەڵام ماوەی فەرمانڕوایی حکومەتەکەی لەسەر مەودای درێژ ڕوبەڕوی چەندین پابەندبون‌و ئەرک دەبێتەوە، هەرچەندە ئامادەکاریی بۆیان لەئێستاوە دەستیپێکردوە، لەوانەش ئەو ئەرکەی کە نازناوی "حکومەتی مۆندیال"ی بەخشیوە بەحکومەتی داهاتوو، چونکە لەساڵی 2030دا، مەغریب لەگەڵ ئیسپانیاو پورتوگالدا بەشداردەبێت لەمیوانداریکردنی جامی جیهانی (مۆندیال)، دوای ئەوەی تۆپی پێی کردە یەکێک لەئامرازەکانی هێزی نەرمی خۆی بۆ بردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت.