شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسیی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆتاییهاتنی ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرکردایەتیی ئەمریکا، بەرەو قۆناغێکی نوێی سەربەخۆییو هاوکارییە ئابورییەکان دەچێت؛ قۆناغێک کە ڕوسیا دەتوانێت تێیدا ببێتە هاوبەشێکی گرنگ.
ئارینا تسڤێتکۆڤا توێژەری قوتابخانەی باڵای ئابوریی ڕوسیا، لەوتارێکدا لەڕۆژنامەی "فزگلیاد" باسی گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستانو هەلی هاوکاریی ئەم هەرێمەی لەگەڵ ڕوسیا کردوە.
بهگوێرهى وتارەکە، کوردستان کە بۆ ماوەیەکی درێژ مەدانی شەڕو ملمـلانێ بوە، بەهێواشی بوهتە ناوچەیەک بۆ گەشەکردن لەناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکەش گۆڕانکاریی ئەم قۆناغەی پشتڕاستکردوهتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێت، "لەهەولێر، کۆتاییهاتنی بونی هاوپەیمانیی وەک دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێو گەڕان بەدوای چارەسەری کێشە ئەمنییەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق سەیر دەکرێت، نەک تەنها پشتبەستن بەگەرەنتییە دەرەکییەکان".
لەو پێناوەدا، نوێنەرایەتیی بازرگانیی ڕوسیا کە سەرەتای تشرینی یەکەم سەردانی هەولێری کرد، بەشێکبوە لەهەوڵەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکان، ئەم نوێنەرایەتییە لەلایەن ئەنجومەنی بازرگانیی ڕوسی-عێراقیو نوێنەرایەتیی هەمیشەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمۆسکۆوە ئامادەکرابوو.
ئەوەش هاتوە، "کۆمپانیا بەشداربوەکان لەکەرتەکانی بەرهەمهێنانی ئارد، ڕۆن، گۆشت، خۆراکو عەلەفی ئاژەڵان، دەرمان، بیناسازیی، گواستنەوەو تەکنەلۆژیای زانیاریی کاردەکەن".
بهگوێرهى شیکارییەکە، کوردستان ڕوسیا وەک هاوبەشێک دەبینێت کە هاوکاریی لەگەڵی لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوەو ناوچەکە بەرەو ناکۆکی لەگەڵ بەغدا نابات، بەمەش، ڕوسیا کە بونی سەربازیی لەهەرێمی کوردستاندا نییە، دەرفەتی بەدەستهێنانی شوێنێکی گرنگتر لەپەیوەندییەکانی هەرێمدا هەیە.
