شارپرێس:
دوو سەرچاوەی سەربازیی سوری و بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرایانکردوە کە سوریا سەرباز، ڕاوێژکار و ڕاهێنەری سەربازی ڕەوانەى ڕیاز دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەى حوسییەکان.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، سعودییە لە مانگی تەمموزەوە ڕوبەڕوی پێکدادانی سەربازى بوتەوە لەگەڵ حوسییەکانى هاوپەیمان لەگەڵ ئێران، ئەو پێکدادانانەش لە ئەنجامی نوێبونەوەی شەڕی یەمەن و لە چوارچێوەی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە، ئەم بارودۆخەش وایکردوە ڕیاز داوای پشتیوانیی لە کۆمەڵێک لە هاوپەیمانەکانی بکات.
بەپێی وتەکانی بەرپرسە ئەمریکییە باڵاکە، ڕاوێژکاران و تیمەکانی ڕاهێنان لە سوریا، کە لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا ئەزمونی فراوانی جەنگییان بەدەستهێناوە، بەرەو سعودییە دەچن بۆ یارمەتیدانی یەکە سەربازییە سعودیی و یەمەنییەکان لە ناو خاکی سعودییە، بە ئامانجی باشترکردنی توانای شەڕکردنیان.
دوو سەرچاوەی سوری کە زانیاریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بابەتەکە هەیە، وتویانە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا دەیان سەرباز لەسوریاوە گوازراونەتەوە بۆ سعودییە.
ئەو دوو سەرچاوەیە ڕونیانکردوەتەوە کە ئەرکی ئەم سەربازانە بریتین لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ڕاهێنان، بەڵام دەسەڵات و سنوری ئەرکی پێسپێردراویان ئەگەر هەیە فراوانتر بێت لەداهاتودا.
