ئەمریكا لەبارەی هێرشی سایبەرەوە ڕونكردنەوە دەدات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت، ئەو پەککەوتنە کاتییەی ڕۆژی ڕابردوو لەسیستەمی چاودێریی فڕۆکەوانیدا ڕویدا، بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بەهێرشی ئەلیکترۆنی(سایبەر) یان دەستێوەردانی وڵاتێکی بیانییەوە نەبوە، بەڵکوو هەڵەیەکی تەکنیکی بوە.


شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باسیان لەهێرشی سایبەری دەکرد، ئاشکراییکرد؛ دەستبەجێ دوای ئەوەی توانیویانە کێشەکە لەو بنکە دورەدەستەی چاودێریی فڕۆکەوانی دیاری بکەن، سەرجەم سیستەمەکانی فڕۆکەوانی گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی.

شۆن دەفی باسیلەوەشكردوە، کێشەکە لەکاتی کارکردنی کۆمپانیای بەڵێندەری ڕویداوە، کاتێک تیمەکان سەرقاڵی گۆڕینی هێڵە زۆر کۆنەکانی تەلەفۆن و کێبڵی مسی بون بۆ فایبەر ئۆپتیک و گواستنەوەی سیستەمەکە لەئەنالۆگەوە بۆ دیجیتاڵی، کە لەو کاتەدا بەهۆی هەڵەی بەڵێندەر یان کەموکوڕی لەڕاوتەرەکەدا، سیستەمەکە لەهەر چوار بۆ پێنج چرکەیەکدا زیاتر لەهەزار هەوڵی پەیوەستبونی بەڕاوتەرەکانی دیکەی تۆڕەکەوە داوەو ئەمەش شڵەژانی لەهێڵی پەیوەندیی فڕۆکەوانان و شاشەی ڕادارەکان دروست کردوە.

وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێستا سیستەمی فڕۆکەوانی بەتەواوی توانای خۆی کاردەکات و هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە، ستایشی لێهاتویی و ڕاهێنانی بەرزی فڕۆکەوانان و کارمەندانی تاوەری چاودێریی فڕۆکەوانیی ئەمەریکای کرد کە توانیویانە بەشێوازێکی زۆر نایاب و بێ زیان فڕۆکەکان لەکاتێکی کەمدا بنیشننەوەو ئاسایشی گەشتیاران بپارێزن.

ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمانی ئەمریکا نەک تەنها سەلامەتترینە، بەڵکوو قەرەباڵغترین کایەی ئاسمانییە لەسەرانسەری جیهاندا لەڕوی قەبارەی گەشتە بازرگانی و مەدەنییەکانەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەفی باسی لەوە کرد کە زۆربەی دامەزراوەکانی ئەمریکا دەیان ساڵە سیستەمی پەیوەندییەکانیان بۆ فایبەر ئۆپتیک گۆڕیوە، بەڵام دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان لەڕابردودا لەم کارە دواکەوتوە.
وەزیری گواستنەوە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا پێی ڕاگەیاندوە، ئامادەیە هەموو سەرچاوەو بودجەیەکی پێویستی حکومەتی فیدراڵ دابین بکات تاوەکو کەرتی فڕۆکەوانی بەتەواوی نۆژەن بکرێتەوە.

وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا داوای لەئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لەئەنجومەنی نوێنەران و پیران کرد کە ململانێ و ناکۆکییە حزبییەکان وەلابنێن و لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و کەرتی فڕۆکەوانی هاوکار بن بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست؛ بەتایبەت کە ئێستا وڵاتەکە لەبەردەم پشوەکانی جەژنی ڕۆژی سوپاسگوزاری نزیک دەبێتەوە کە قەرەباڵغترین وەرزی گەشتکردنە لە ئەمەریکادا، جەختیشی کردەوە کە بەشی زۆری ئەو بودجەیەی خەرج دەکرێت دەچێتە خزمەت فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەو شارو ویلایەتانەی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.