شارپرێس:
هاوپەیمانیی عەرەبی بەسەرۆکایەتیی سعودییە ڕایگەیاند، دوو درۆنی حوسییەکانی یەمەنی لەئاسمانی ناوچەی ریازو باشوری وڵاتەکە تێکشکاندوە.
تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لەپۆستێکدا لەئێکس بڵاویکردەوە،"دوو درۆن کە لەلایەن میلیشیای تیرۆریستیی حوسییەوە هاوێژرابوون، لەناوچەی ریازو ناوچەکانی باشور رێگرییان لێکراو تێکشکێندران".
هاوپەیمانییەکە کە لەجەنگی دژی حوسییەکاندا پشتیوانی لەحکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن دەکات، لەمانگی تەمموزی ئەم ساڵەوە و دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕو پێکدادانەکان، ڕوبەڕوی شەپۆلێکی چڕی هێرشەکان بوەتەوە.
لەچەند هەفتەی ڕابردودا حوسییەکان چەندین شوێنیان لەناو سعودییە کردوەتە ئامانج، لەوانە فڕۆکەخانەکان، ژێرخانی وزە، بنکە سەربازییەکان و ناوچەی دارایی ریاز، بەتایبەتیش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پایتەختی سعودییە.