زەیدیی ژمارەیەک بەرپرسی بەتێوەگلان لەدۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت دورخستەوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی زەیدیی، سەرپەرشتیی کۆبونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد، کە تایبەت بوو بەخستنەڕوی ئەنجامی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیەی ڕاسپێردرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لەناوچەی جورف نەسر لەپارێزگای بابل و ژمارەیەک بەرپرسی بەتێوەگلان لەدۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت دورخستەوە.


لیژنەکە ڕاپۆرت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی پێشکەش کرد، کە تێیدا دروستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردبوەوە کە لەڕاپۆرتی ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکاندا هاتبون سەبارەت بەپرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بونی پاڵاوگەی نەوتی، جگە لەتۆمارکردنی چەندین حاڵەتی دەستکاریکردن و یاریکردن لەم دۆسیەیەدا.

لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بەڕەوانەکردنی سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی لەپرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوتدا تێوەگلاون بۆ دادگاو گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان، هەروەها بڕیاریدا بەدورخستنەوەی هەریەک لە:
فەرماندەی پۆلیسی بابل.
 *  بەڕێوەبەری پۆلیسی باکوری بابل.
 * بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری بابل لەوەزارەتی ناوخۆ.
• بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لەبابل.
•  بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لەوەزارەتی بەرگری.
• بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری (موخابەرات)ی بابل.
• فەرماندەی حەشدی شەعبی لەبابل.
• فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لەوەزارەتی ناوخۆ.
• بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت لەوەزارەتی نەوت.

هاوكات، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕێنمایی دەرکرد کە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەکانی پۆلیس لەپارێزگاکان، و بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەرپرسیارێتیی تەواو بگرنە ئەستۆ بەرامبەر هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت کە لەسنوری بەرپرسیارێتییاندا ڕودەدات و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی توندکردنی ڕێکارە چاودێری و ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لەم کارانەو لێپرسینەوە لەکەمتەرخەمان و ڕایگەیاند کە نابێت هیچ بستێک لەخاکی عێراقدا قاچاخچێتیی تێدا بکرێت، لەزاخۆوە تا بەسرە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکراکردنی تێوەگلاوان ب دزینی سامانی گشتی و دیاریکردنی بازنەی بەرپرسیارێتی و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمان و تێوەگلاوان لە تاوانی بەقاچاخبردنی نەوت و ڕاوەدونانیان بەپێی یاسا

عەلی زەیدیی لەكۆبونەوەكەدا، جەختی کردەوە کە حکومەت پابەندە بەپاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربونەوەی یەکلاکەرەوەی پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و پوچەڵکردنەوەی سەرجەم هەوڵەکانی یاریکردن بەسامانی نیشتمانی لەسەرتاسەری عێراقداو دوپاتیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتیی ئەمنی و کارگێڕی وا دەخوازێت ڕێگری لەم تاوانانە بکرێت و لێپرسینەوە لەهەر کەسێک بکرێت کە کەمتەرخەمی یان تێوەگلانی تێدا بسەلمێنرێت.