“دوای چەقبەستویی چەند ساڵە بەرپرسانی تورکیا بەمتمانەوە سەردانی سلێمانی دەکەن”

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- تایبەت
دوای ئەوەی لەچەند ساڵی ڕابردودا پەیوەندییە سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانی و کۆماری تورکیا لەئاستێکی خراپ و نزیک لەسفردابوو بەجۆرێک هەموو کەناڵە دیبلۆماسیەکانی نێوانیان داخراو ئاسمانی تورکیا بەڕوی فڕۆکەخای سلێمانیدا داخرا ، ئێستا بەرپرسانی تورکیا سەردانی سلێمانی دەکەن و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و ئارامی شارەکە دەکەن.


دکتۆر فاروق قەرەداغی، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی تورکیاو عێراق، سەردانە یەک ‌لەدوای‌ یەکەکانی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی تورکیا بۆ شاری سلێمانی بەنیشانەی کرانەوەی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەتێڕوانینی ئەو وڵاتە بەرامبەر شارەکە هەڵدەسەنگێنێت.

دکتۆر فاروق قەرەداغی، کە لەکۆڕبەندەکانی هەمساڵی سلێمانیدا( دێلفی و کۆربەندی ستراتیژی) یاوەری شاند و میوانەکانی تورکیا بووە، بەشارپرێسی ڕاگەیاند،" سەردانی ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، لەماوەی ساڵی ڕابردودا، هەروەها سەردانی عەلی بابەجان، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەم هەفتەیەدا، پەیامی سیاسیی گرنگیان هەڵگرتووە و ناکرێت بەرپرسانی باڵای سلێمانی و حزبی دەسەڵاتی سنورەکە بەسەرپێی لێی بڕوانن.

بەگوێرەی شیکاریەکانی دکتۆر فاروق قەرەداغی کە بۆ شارپرێس قسەیکردوە، داوودئۆغڵو لەسەردانەکەیدا بەناو بازاڕی شاردا گەڕاوە، بەشداریی چالاکییە فیکری و سیاسییەکانی کردوەو تێکەڵی هاوڵاتییان بوە. 
بابەجانیش لەسەردانەکەی ئەم هەفتەیەدا، لەناو رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکان سلێمانی دەرکەوتووە و لە نزیکەوە ئاشنای ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بووە و ستایشی ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانی شارەکەیان کردوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە بەرپرسانی تورکیا چاویان لەوەیە پەیوەندیەکی باشتر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سلێمانی بنیاد بنێن.

قەرەداغی دەڵێت،" ئەم جووڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانە وەک نیشانەیەکی زۆر ئەرێنی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی و هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی سلێمانی و تورکیا دەبینم”.

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ شارپرێس جەخت دەکاتەوە کە لەگفتوگۆکانی لەگەڵ میوانەکاندا، سەرسامیی ئەوانی بە ئاسایش، ئارامی، ئاوەدانی و دۆخی ژیان لەسلێمانی تێبینی کردووە. بە وتەی ئەو، هەندێک لەمیوانەکان بەڕاشکاوی خواستی خۆیان بۆ دوبارە سەردانکردنەوەی شارەکەو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەربڕیوە.

لەهەڵسەنگاندنی قەرەداغیدا، ئەم سەردانانە بایەخی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی سلێمانی لەهاوکێشە سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکەدا دەخەنەڕوو دەتوانن ببنە بنەمای قۆناغێکی نوێی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان.