شارپرێس:
زنجیرەی زانیاری و سەرەداوەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە ماوەیەک پێش ئێستا دەستی پێکردبوو، کاتێک دامەزراوە ئەمنییەکان گومانیان لەکەسێک لەدانیشتووانی قەزای بەعاج بوو، کە پێیان وابوو ڕەنگە کاری گواستنەوەی چەکدارەکانی ڕێکخراوەکە لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک و باکوری پارێزگاکەدا ئەنجامبدات.
هەرچەندە چەند جارێک لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکە کرا، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نەگەیشتبونە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.
دواتر، زانیارییەکی هەواڵگریی ورد بەدەست هێنرا کە ئاماژەی بەبونی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دەکرد لەپارێزگای کەرکوک.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دوو ئەندامی ڕێکخراوەکە لەپارێزگای سلێمانییەوە گوازرابونەوە بۆ کەرکوک؛ یەکێکیان هاوڵاتییەکی سوری بوو بەناوی خوازراوی ئەبو محەممەد، ئەوی دیکەشیان عێراقی بوو. ئەم دوو کەسە لەلایەن کەسێکەوە کە بەئەبو تارق ناسراوە، گوازراونەتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی تەقەمەنیی پێش ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی پلانی بۆ دانرابوو.
لەگەڵ گەیشتنی ئەو گروپە، هێزێکی هاوبەش لەسوپای عێراق و دەزگای دژە تیرۆر، بەپشتبەستن بەزانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی عێراق، دەستیان بەجێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کرد؛ ئەمەش بەپشتیوانیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی جۆری CH-4/5 و كۆپتەرەکانی جۆری Bell-407.
لەکاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێکدادان لەنێوان هێزە عێراقییەکان و ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارە ڕویدا.
لەئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، یەکێک لەكۆپتەرەکانی Bell-407 شوێنی چەکدارەکانی بە مووشەکی Hydra-70 کردە ئامانج، لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی ڕەشاشی هەلیكۆپتەرەکە بۆ پشتیوانیکردن لەهێزەکانی سەر زەوی.
ئۆپەراسیۆنەکە بەکوژرانی سێ چەکدارەی ڕێکخراوەکەو دەستگیرکردنی ئەو کەسەی چەکدارەکانی دەگواستەوە کۆتایی هات، هەروەها پلانی ئەو هێرشانەش پوچەڵ کرایەوە کە گروپەکە بەنیاز بوو لەپارێزگای کەرکوک ئەنجامی بدات.