شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەتوندی وەڵامی لێدوانەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە لەبارەی گەمارۆدان و برسیکردنی گەلی ئێران و لێدوانەکانی ناوبراوی بەدانپێدانانێکی ئاشکرا بەئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تیرۆری ئابوری لەدژی وڵاتەکەی ناوبرد.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەپەیامێکدا لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ڕەخنەی لەقسەیەکی مارکۆ ڕوبیۆ گرت کە لەبارەی گەمارۆکانی سەر ئێران وتبوی "لەکۆتاییدا دەبێت هەر نان بخۆن و وتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاشکراو بێشەرمانە لەرێگەی گەمارۆی ئابوری و دەریاییەوە هەڕەشەی برسیکردنی گەلی ئێران دەکات.
بەقایی جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانە دانپێدانانێکی نوێیە بەوەی واشنتۆن لەچوارچێوەی جەنگە دەستدرێژیکارانەکەیدا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و پەرە بەتیرۆری ئابوری دەدات.
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەیان ساڵ لەهەڕەشە، سزاو دەستدرێژیکاریی بێئاکام، ئەمریکا بەردەوامە لەدوبارەکردنەوەی هەمان هەڵەکانی ڕابردوی و تەنها ناوەکانیان دەگۆڕێت. هەروەها سیاسەتی واشنتۆنی بەپێناسەی باربارا تاچمان، مێژونوسی ئەمریکی بۆ رێپێوانی گێلایەتی چواند، کە تێیدا حکوومەتێک پێداگری لەسەر هەنگاوێکی کارەساتبار دەکات و ئامادە نییە وانە لەشکستەکانی وەربگرێت و لەگەڵ هەر شکستێکیشدا زیاتر دەچێتە ناو هەڵەکانییەوە.
