بەرپرسێکی باڵای عێراق بەحەوت ساڵ زیندانی و پێبژاردنی نزیکەی 37 ملیار دینار سزادرا

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 177 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردندا سەپاندووە، هاوکات پابەندی کردووە بە گەڕاندنەوە و پێبژاردنی نزیکەی 37 ملیار دینار بە تاوانی دەستکەوتی ناڕەوا.


دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی بڕیاری سزادانی ئامادەبوونی بە زیندانی بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر (خالد غەزای عەتییە موتڵەگ ئەلمەعازیدی)، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردندا سەپاندووە، ئەمەش بەپێی حوکمەکانی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا ژمارە (30ـی ساڵی 2011)ـی هەموارکراو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا تاوانبارەکەی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی دەستکەوتە ناڕەواکەی کە بریتییە لە (8 ملیار و 242 ملیۆن و 678 هەزار) دیناری عێراقی و (6 ملیۆن و 686 هەزار و 292) دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنێکی دارایی هاوتای بەهای دەستکەوتە ناڕەواکە بەپێی ماددەی (19/چوارەم) لە یاسای دەستەکە، بەمەش کۆی گشتیی پارەی سەپێنراو دەگاتە (36 ملیار و 810 ملیۆن) دینار.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگا سزایەکی دیکەی بە زیندانی توند بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تاوانی شاردنەوە بەسەر تاوانبارەکەدا سەپاندووە و بڕیاری جێبەجێکردنی سزا توندترەکە دراوە، هاوکات دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی پەسەند کردووە و مافی بە دەستەی دەستپاکی داوە دوای پلەی کۆتایی وەرگرتنی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.