كوژرانی فەریدون جوانڕۆیی.. رووداوێك‌و پێنج گومان
شەوی رووداوەكە جوانڕۆیی ئوتومبیلی رۆژ نوری شاوەیسی پێبووە

کوردستان

06/04/2016‌ 7977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

راپۆرتی: شارپرێس:
درەنگانێكی شەوی 25ی مانگی هەشتی ساڵی رابردوو، هەواڵی گیان لەدەستدانی فەریدوون جوانڕۆیی سەركردەی ناسراوی پارتی بەزوویی بڵاوبوویەوە، بەڵام بۆ بەیانییەكەی خێرا تەمی گومان بەسەر رووداوەكەدا هات چونكە جۆری كوشتنەكەی و لێدوانی پۆلیس و میدیاكانی پارتی پێچەوانەی یەكتربوون. 

رووداوەكە سەعات 12:35 ی شەو لەناوچەی پێشەسازیی شاری خەبات- رۆژئاوای هەولێر روویدا، سەعات 3ی دەمەوبەیان بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر عەمید عەبدولخالق تەلعەت لە شوێنی رووداوەكە لە لێدوانێكد بۆ تەلەڤزیۆنی رووداو وتی: بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە كاك فەرەیدوون گیانی لە دەستداوە و خەڵك دڵنیا دەكەمەوە هیچ كردەوەیەكی تیرۆرستیی لە پشتی رووداوەكەوە نییە.

لێدوانی درەنگ وەخت
بەڵام 14 رۆژ دواتر، پۆلیسی هەولێر پێچەوانەی لێدوانی یەكەم شەوی خۆیان رایگەیاند" فەرەیدوون جوانڕۆیی كوژراوە" هەرچەندە لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا هاتووە كە فریدون بە دەستی چەند كەسێك كوژراون كە پێشتر دوژمنداربوون و بە هەڵە ئەو كارەیان كردووە، بەڵام ئەمە نەیتوانی باوەڕ بەوانە بێنێ كە هەر لە سەرەتاوە گومانیان لە كوشتنی جوانڕۆیی هەبوو.

بەگوێرەی بە دواداچوونێكی سایتی شارپرێس، كە تێیدا چەندین كەسی شارەزای ئەمنی و یاساكانی هاتوچۆ بەشدارییان لە پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكاندا كردووە، گومانەكانی سەر كوشتنی فریدون زیاتر و گەورەتر دەكەن بەوپێیەی فاكتی رووداوەكە و لێدوانی بەرپرسانی پارتی و پۆلیس، دوو شتی زۆر دوورن لە یەكتر.

گومانە گەورەكە
هەرچەندە بۆ پرسی وا كە سەركردەیەكی سەربازیی و سیاسی وای تێدا كوژراوە دەبوو مەلەفەكەی بدرایەتە دەستی ئاسایش، كەچی لە رووداوی كوشتنی جوانڕۆییدا لە سەرەتاوە تا كۆتایی مەلەفەكەی لە ژێر دەستی پۆلیسدابوو.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوەكەی رۆژی 6ی مانگی نۆی دوای رووداوەكە دەڵێت: دوای كردنەوەی دۆسێی لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی شاهێدانی رووداوەكە و پشتبەستن بە كامێرای چاودێریی نزیك لە شوێنی رووداوەكە، دەركەوت كەوا لە سەرەتای رووداوەكە ئۆتۆمبێلكی جۆری لاندگرۆز سپی بەدوای ئۆتۆمبێلی شەهید (فەریدوونەوە دەبێ لە كاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر،  ئۆتۆمبێلەكە دوای هەوڵدانێكی زۆر پێشیان لێدەگرێتەوە و دوای ئەوەی دەكەوێتە نزیك ئۆتۆمبێلی شەهید فەریدوون تاوانباران تەقەی لێدەكەن، ئینجا شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی شەهید فەرەیدون هەوڵدەدات بە هەر شێوەیەكبێ خۆی دەرباز بكات، بۆیە رێڕەوی ئۆتۆمبێلەكەی دەگۆڕێت." 

بەڵام لە یەكەم شەوی رووداوەكەدا پەیامنێری رووداو جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو ئوتۆمبیلە سەربازییەی خۆی كێشاوە بە ئوتۆمبیلەكەی فەریدوون جوانڕۆییدا " بە یەك ئاراستە رۆشتوون" بەڵام كاتێ تەماشای ڤیدیۆی سەر رووداوەكەی دەكەی، بە ئاشكرا دیارە هەردوو ئوتۆمبیلەكە لای سەكنیان جێی دەعم و بەریەك كەوتنیان پێوەیە، ئەگەر دوو ئوتومبیل بە ئاراستەیەكدا بكێشن بە یەكدا دەبێ یەكیان لای شۆفێر و ئەوی دیكەیان لای سەكن تێك بچێ، كەچی ئوتومبیلە سەربازییەكە و ئەوەی فەریدوونیش هەردووكیان لای سەكنیان تێكچووە.
 
شتێكی تر كە گومانی خستە سەر گۆڕینی ئاراستەی رووداوەكە، هەواڵێكی سایتی (باس نیوز)ی سەر بە مەسرور بارزانی بوو‌. باس نیوز سەعاتێكی رێك دوای رووداوەكە نووسی " بەرپرسێكی باڵای تیرۆر كرا" كەچی دواتر ئەو هەواڵە سڕایەوە و بە جۆرێكی دیكە هەواڵەكەی دارشتەوە كە تێیدا هاتبوو " لە رووداوێكی هاتوچۆدا بەرپرسێكی باڵای پارتی گیانی لە دەستدا"

بەڵام هێشتا لە ناوەڕۆكی هەواڵی دووەمدا ئەوەیان لا نەبردبوو كە گیان لە دەستدانی جوانڕۆیی لە ئاكامی تەقەكردنەوە بووە. هەموو ئەمانە بوونە كەرەستەی گومان كردن لە كوشتنی فەریدوون جوانڕۆیی.

هەڵسەنگاندنی وێنەكان
لە سێ وێنەدا كە لە ڤیدیۆی چەند سەعاتێك دوای رووداوەكە تۆمار كراون، ئاماژەی جیاواز لە قسە و لێدوانی بەرپرسانی پۆلیس دەبینرێن. لە وێنەی یەكەمدا، ئوتومبیلەكەی فەرەیدوون جوانڕۆیی كە جۆری شۆڤرلێت تاهۆ-یە و بەگوێرەی سەرچاوەیەك  لە ئەسڵدا هی د.رۆژ نوری شاوەیسە و ئەو شەوە بەوان بووە، لای سەكنی كە فەریدوون و پاسەوانە كوژراوەكەی تێدا دانیشتوون، بە تەواوی هەڵتەكاوە و دەرگایەكی ناوەڕاستی بە تەواوی لێبووەتەوە و دەرگای سەكنی پێشەوەش هەر بە تەواوی هەڵوەشاوە. هەروەها ناوەوەی و داشبوردەكەی بێجگە لەوەی سوتاوە، خراپ لێك هەڵوەشاون ئەمەیش گومانی ئەوە زیاد دەكات كە لەناو ئەو ئوتومبیلەدا مادەی تەقینەوەی بەهێز دانرابێ!

لە وێنەی دووەمدا پێچەوانەی لای سەكن، لای شوفێری ئوتومبیلەكەی فەریدوون و دەرگای دوای ئەو، زۆر ئاسایین و هیچ ئاسەوارێكی خراپبوونیان پێوە دیار نییە، هەروەها ئەو شوێانەی وا ئوتومبیلە درعە سەربازییەكەی بەركەوتووە، نەیتوانیوە ستوونی دەرگای پێشەوە و ناوەڕاستی لای سەكن خوار بكات و شوێن قاچەكانیشی هەروەكو خۆی ماوە!‌ ئەگەر وابێت كە بەكاریگەری پێكادانەكە ئاوا هەڵوەشابێ، دەبوو ستوونەكەش و جێ قاچەكەیشی خوار بكردایە. هەروەها ئوتومبیلی فەریدوون ئاگری گرتووە بەڵام هەمووی نەوستاوە تەنیا ئەو بەشەی سوتاوە كە فەریدوونی لێدانیشتووە.

وێنەی سێیەم وێنەی ئوتومبیلە درعە سەربازییەكەیە، كە بەگوێرەی قسەی پەیامنێری رووداو ئەو كاتەی خۆی كێشاوە بە ئوتومبیلەكەی فەریدووندا بە یەك ئاراستە رۆیشتوون. لای سەكنی ئەو كەمێك (ئەڵبەت كە دەوترێ كەمێك لە چاو هەڵوەشانی ئوتومبیلەكەی بەرانبەری) زیانی پێگەیشتووە و بێجگە لە چەمەلغێكی و تایەیەكی، زیانێكی ئەوتۆی بەر نەكەوتووە.

دوای كوژرانی فەریدوون جوانڕۆیی، چەندین چیرۆك دەماودەم بڵاوكرانەوه،‌ یەكێك لەوانە ئەوەیە دەڵێن فەریدوون لەگەڵ فەرماندەیەكی سەربازیی لە بەری خازر كێشەی هەبووە و چەند رۆژ پێشتر بە بەرچاوی پێشمەرگەكانییەوە، زللەیەكی لە پێشمەرگەیەكی ئەو فەرماندەیە داوە. بۆیە ئەوانەی كە هێرشیان كردۆتە سەر ئوتومبیلەكەی فەریدوون لە پێڕی ئەو فەرماندە سەربازییە بوون.

هەروەها دەنگۆی ئەوەیش هەیە فەریدوون و سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێر-مەخمور ناكۆكییان هەبووە و پێكەوە دانوویان نەكوڵاوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە دوای كوژرانی فەریدوون سیروان بارزانی بروسكەی سەرەخۆشیی نەبوو بۆ كەسوكارەكەی و لە كاتی ناشتنی تەرمەكەشیدا لەوێ ئامادە نەبوو لە كاتێكدا هەردووكیان سەرپەرشتی دوو میحوەری گرنگی شەڕیان دەكرد دژی داعش.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك ناكۆكی سیروان بارزانی و جوانڕۆیی دوای رووداوی پەلاماردانی داعش بۆ سەر ناوچەی گوێڕ بوو لە شەوی 11ی1ی 2015 دەیان چەكداری‌ داعش لەرێی بەلەمەوە لەزێی بچووك پەڕینەوە‌و هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە لە ناحیەی‌ گوێر، بەوهۆیەوە 24 پێشمەرگەو ئاسایش شەهیدبوون. 

دوای ئەو رووداوە فەریدوون تانەی لە سیروان بارزانی داوە كە نەیتوانیوە سەركردایەتییەكی باشی ئەو سنوورە بكات. ئەمەیش نێوان ساردی ئەو بەرپرسەی دروستكردووە.

گەڕاندنەوەی پاسەوانەكەی فەریدوون
بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس دوو پاسەوانی فەریدوون ئەو شەوە لەو رووداوەدا برینداربوون، یەكێك لە بریندارەكان خەڵكی ناوچەی زەڕایەنی سەر بە قەزای هەڵەبجەی تازەیە. دوای رووداوەكە پاسەوانەكەی فەریدوون گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی خۆیان بە برینداریی، بەڵام دواتر لەلایەن بنەماڵەی فەریدوونەوە خێرا دەگوازرێتەوە بۆ ماڵی فەریدوون لە هەولێر.

پێشتر ئەو پاسەوانە چۆنێتی ئەو رووداوەی بۆ چەند هاوڕێیەكی باسكردبوو كە چۆن بەر دەستڕێژی گوللە دراون. بەڵام دواتر هەر ئەو پاسەوانە پەشیمان بووەتەوە لە قسەكانی.

وەزارەتی پێشمەرگە بێدەنگ بوو!
هەرچەندە فەریدوون جوانڕۆیی بەرپرسی میحوەرێكی گرنگی وەكو خازربوو لە دژی داعش، كەچی دوای كوژرانی وەزارەتی پێشمەرگە بە لێدوانێكیش باسی مردنی ئەوی نەكرد لە كاتێكدا دەبوو هیچ نا پرسەنامەیەكی رەسمی بڵاوبكردایەتەوە!

رووداوێكی تری گوماناویی!
دوو رۆژ دوای راگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێر سەبارەت بە كوژرانی فەریدوون جوانڕۆیی، دادوەرێك كە بەرپرسی دادگای سەربازیی كوردستان بوو كوژرا. هەردوو سایتی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان (رووداو و باس نیوز) سەبارەت بەم هەواڵەش دوو زانیاریی زۆر جیاواز لە یەكتریان بڵاوكردەوە. هەواڵەكەی رووداو بەمجۆرەیە:
"فەریقێكی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كە هاوكات دادوەری پێشووی دادگای سەربازیی بووە، لە ماڵەكەی خۆیدا خۆی كوشت. ئێوارەی رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلول لە پیرمام دادوەری پێشووی دادگای سەربازیی لە ماڵەكەی خۆیدا خۆی كوشت و  پۆلیس لە لێكۆڵینەوەدایە لە چۆنییەتی رووداوەكە."

بەڵام سایتی باس نیوز لەسەر زاری بەڕێوەبری ئاسایشی هەولێر بەمجۆرە هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوە: 
"بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێ بەرپرسی دادگای سەربازیی كوردستان ڕۆژی سێشەممە  لە كاتی دەوام لە فەرمانگەكەی خۆی، خۆی كوشتووە. تاریق نوری بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە (باس نیوز)ی ڕاگەیاند دوێنی سێشەممە(8/9/2015) عازی ئەتروشی بەرپرسی دادگای سەربازیی كوردستان لە كاتی دەوام لە فەرمانگەكەی خۆی لە شاری هەولێر خۆی كوشتووە"

هەرچەندە هێشتا هیچ زانیارییەك دەرنەكەوتووە كە بیسەلمێنێ دۆسێی كوشتنی  ئەتروشی و جوانڕۆیی چ پەیوەندییەكیان پێكەوە هەیە، بەڵام جۆری كوشتنەكەیان و هەواڵ و لێدوانە جیاوازەكان لە دوو كەناڵی وەكو رووداو و باس، جێی گومان و پرسیارە. بە تایبەت غازی ئەتروشی، ئەگەر بەگوێرەی هەواڵەكەی رووداوبێ ئەو پیاوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دادگای سەربازییش خانەنشین بووە، ئایا كەسێك خانەنشین بێ فەرمانگە و شوێنی دەوامی لە كوێیە؟

فەریدوون كێیە؟
فەرەیدوون محەممەد بەگ وەكیلی، ناسراو بە فەرەیدوون جوانڕۆیی‌، ساڵی 1950 لە شاری جوانڕۆی‌ رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ساڵی 1967 واتە لە تەمەنی حەڤدە ساڵندا پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كردووە و بە درێژایی مانەوەی لەناو پارتی دا، یەكێك بووە لە پارتییە دڵسۆزەكانی بنەماڵەی بارزانی و هەر بە وەفاداریی ئەو بنەماڵەیە مایەوە، بۆیە لە كاتی كوژرانیشی، بارزانی بەشداری ناشتنی تەرمەكەی كرد و لەو رۆژەدا توڕەییەكی زۆر لە روخساری بارزانیدا دەبینرا. 

لە بەرگی سێیەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد) لە نووسینی مەسعوود بارزانی، له لاپەرە 8-9 دا بەناوی "شەڕی شارەوزورو هەڵەبجه" بارزانی باسی شەڕیكی قورس و كاریگەر لە نێوان باڵی جەلالیی و مەلایی دەكات لە دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور و تێیدا پەسنی فەریدوون جوانڕۆیی و مامێكی دەكات كە تێیدا دەڵێ " پێویستە ئاماژە بە هەڵوێستی جیاوازی حوسێن بەگ جوانرۆیی و فەرەیدوون جوانڕۆیی برازای بكەم".

جوانڕۆیی لە كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان بووەتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی‌و لە كۆنگرەی 13شدا بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌. ساڵی 2013 بوو بە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی. هەروەها مانگی ئابی 2014 كرایە‌ بەرپرسی‌ میحوەری پێشمەرگە لە بەری خازر.