وردەكاری ململانێكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر نەوتی كەركوك

کوردستان

14/09/2016‌ 5688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئامادەكردنی: رێبین فەتاح
رۆژنامەنووسی بواری نەوت


بەرەبەیانی 11ی تەموزی 2014 هێزەكانی لیوای یەكی پاسەوانی نەوت/سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو كێڵگەكانی نەوت لە رۆژئاوای پارێزگای كەركووك جوڵێنران و كێڵگەكانی (ئاڤانا و بای حەسەن)یان كۆنتڕۆڵ كرد. 

كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی رۆژئاوای كەركووك لەلایەن هێزەكانی پاسەوانی نەوتی پارتییەوە، زۆر بە خێرایی دەنگدانەوەی گەورەی لە ئاستی میدیاكانی ناوخۆ, عێراق و دەرەوەدا دروست كرد، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەتوندی دژی ئەو كارە وەستانەوە و بە (داگیركردنی نەوتی كەركووك لەلایەن پارتی) لە قەڵەمیان دا.

بەهۆی كاردانەوەكانی بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی بەرامبەر بە كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەمان رۆژدا بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا دەڵێ، "جوڵاندنی هێزەكانی پاراستنی نەوتی كەركووك، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی كێڵگەكانی كەركووك و مەخموور بووە، پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان كردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆڕییەی لەمدوایانەدا دوولایەنە رێككەوتنی لەسەر كرا بوو كە كێڵگەی ئاڤانا بە كێڵگەی خورمەلە دەبەستێتەوە".

هەرچەند لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا دووپات لە "رێككەوتنی دوولایەنە" كراوە، بەڵام روون نییە ئەو رێككەوتنە دوولایەنە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق یان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیدارەی كەركووك كراوە. ئاشكرایە پێش كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كۆبوونەوە و دانیشتن و رێككەوتنی ژێر بە ژێر لەنێوان بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركووك هەبووە.

پێش كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە 26ی حوزەیرانی 2016دا سەردانی توركیایان كرد و چوارقۆڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان كۆبوونەوە و لەهەمان رۆژدا ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ئاشتی هەورامییەوە بڵاوی كردەوە، كۆتایی ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بە نەوتی كەركووكەوە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات.

كەواتە لەئاستی هەولێر و كەركووك، رێككەوتنێكی ژێر بە ژێر بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك هەبووە و لەو رێككەوتنەدا هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی لە پارتی دیموكراتی كوردستان, قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین كەریم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداربوون و هەر ئەو رێككەوتنەش بنەمایەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی رۆژئاوای كەركووك و رێككەوتنەكانی دواتر لەنێوان هەولێر و بەغدا لەمەڕ هەناردەكردنی نەوتی شارەكە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە.

لە رۆژانی سەرەتای كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی نیشتمانی و بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك، كۆنتڕۆڵكردنەكەیان بە "كردەیەكی مافیایی" لە قەڵەم دا و رایان گەیاند، كارەكە بەبێ ئاگاداری پارێزگاری كەركووك ئەنجام دراوە، بەو مانایەی كە پارێزگاری كەركووك هیچ ئاگادارییەكی لە جوڵاندنی هێزەكانی پاسەوانی نەوت و ئاسایشی سەر بە پارتی نەبووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی رۆژئاوای كەركووك و ئەوەش لە راپۆرتێكدا كە لە ژمارە (6433)ی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی یەكێتی نیشتمانی لە 14ی تەموزی 2014، بە سێ رۆژ دوای كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكان بڵاوكراوەتەوە.

لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە پێش جوڵاندنی هێزە چەكدارەكان، كۆبوونەوە و رێككەوتنی ژێر بە ژێر لە نێوان بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارە/پارێزگاری كەركووك هەبووە و هیچ رێی تێناچێت پارێزگار ئاگاداری كردەكە نەبووبێت، بەڵكو هەر بۆ شاردنەوەی راستییەكانی پشت پەردە، بەرپرسانی حزبەكەی وەها حاڵی كرد بێت كە ئەو ئاگاداری جوڵاندنی ئەو هێزە چەكدارەی سەر بە پارتی و حكومەتی هەرێم نییە. دووەمیان ئەوەیە، كە بابەتە بنچینەییەكە خۆی لە جوڵاندنی هێز و كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی نەوت نابینێتەوە، بەڵكو رێككەوتنی نێوان هەولێر و كەركووك بۆ هەناردەكردنی نەوتی شارەكە بابەتە بچینەییەكەیە كە پێشتر بە بەشداری هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، نەجمەدین كەریم و ئاشتی هەورامی ژێر بە ژێر رێككەوتنی لەسەر كراوە و تا كاتی دیاریكراو بە نهێنی هێشتراوەتەوە.

بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە و هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، لە 11ی تشرینی دووەمی 2014، جارێكی تر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبوونەوە و باسیان لە هەناردەی نەوتی كەركووك كرد، نەجمەدین كەریم بە یەك رۆژ پێش سەردانەكەی بۆ توركیا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت لە شاری هەولێر كۆببووەوە.

دوای ئەو سەردان و كۆبوونەوانەی نێوان بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركووك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا، لە تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی 2014دا دوو رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك كرا، رێككەوتنی یەكەم كە لە تشرینی دووەم ئیمزا كرا، تایبەت بوو بە رادەستكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان بۆ سۆمۆ لە بەرامبەر رەوانەكردنی 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە لە بەغداوە بۆ مانگەكانی تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی 2014 و لە كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا، رێككەوتنێكی فرەوانتر لە نێوان حكومەتی عێراق و كوردستان ئیمزا كرا، لەسەر بنەمای هەناردەكردنی رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە 300 هەزار بەرمیل لە نەوتی كێڵگەكانی كەركوك و 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان پێك دەهات و ئەو رێككەوتنەش لە بودجەی 2015دا جێگیر كرا و بنەمایەكی یاسایی بۆ ماوەی یەك ساڵ وەرگرت.

وەك چاوەڕوان دەكرا، رێككەوتنەكە هاوشێوەی هەموو رێككەوتنەكانی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا شكستی هێنا و جێبەجێ نەكرا، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لەلایەك و لە كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور (باباگوڕگوڕ، جەمبور و خەبازە) لەلایەكی تر بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا حكومەتی عێراق بەگشتی دژی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك بوو لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی سەرقاڵی بە شەڕی داعش و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراقەوە، بە یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەپڕژابێت.

بەو حاڵەیشەوە لە سەرەتای 2016دا، حكومەتی عێراق بڕیاری لەسەر راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور دا و چیتر نەوتی كێڵگەكانی باباگوڕگوڕ، جەمبور و خەبازە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە نەكرا، بەڵكو حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەنی هەناردە دەكرد. لە 17ی ئاداری 2016دا، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق لە چوارچێوەی پانێڵەكەیدا لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، ئاشكرای كرد كە هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەست كۆمپانیای نەوتی باكوور راگیراوە، بەو هۆیەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕەپارەیەكی لە داهاتی نەوتەكە بۆ عێراق نەگێڕاوەتەوە.

وەك دەردەكەوێت حكومەتی عێراق نەیتوانیوە هەناردەی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن رابگرێت كە بەڕێوەبردنی ئەو كێڵگانە لە دەست كۆمپانیای كارگرووپی نزیك لە پارتی و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە و پاراستنی ئەمنیەتی كێڵگەكان بەدەست هێزەكانی لیوای پاسەوانی نەوت و پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو تەنیا دەسەڵاتی بەسەر كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور شكاوە كە لەلایەن خودی كۆمپانیای نەوتی باكوور/سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوە دەبرێن.

ئەوەی پەیوەندی بە بڕی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، لە راپۆرتەكانی مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی بەرهەمی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن تێكەڵ بە بڕی بەرهەمی كێڵگەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كراوە و تەنیا بڕی هەناردەكراوی كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور جیاكراوەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن وەك هەمان كێڵگەكانی دیكەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دادەنێت.

لەسەر ئەو بنەمایە و بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان لە نیسانی 2015 رۆژانە 562 هەزار و 633 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەو بڕەدا 415 هەزار و 246 هەزار بەرمیل لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 147 هەزار و 387 بەرمیل لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور هەناردە كراوە. لە ئایاری 2015دا، بڕی 577 هەزار و 621 بەرمیل نەوت لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كراوە و لەو رێژەیەدا رۆژانە 407 هەزار و 111 بەرمیل لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 170 هەزار و 509 بەرمیل لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور هەناردە كراوە.
لە حوزەیرانی 2015دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 571 هەزار و 21 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كە بەسەر 424 هەزار و 778 بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 149 هەزار و 331 بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دابەش دەبێت. لە ئابی 2015دا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 472 هەزار و 832 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە, كە 353 هەزار و 510 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 119 هەزار و 322 بەرمیل نەوتی لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بەرهەم هاتووە.

لە ئەیلوولی 2015دا هەرێمی كوردستان رۆژانە 620 هەزار و 478 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كە لەو رێژەیەدا،  463 هەزار و 258 بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 168 هەزار و 904 بەرمیل نەوتی لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بەرهەم هاتووە. لە تشرینی یەكەمی 2015دا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 595 هەزار و 528 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەو رێژەیەدا كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە 439 هەزار و 73 بەرمیلی رۆژانە و كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە 156 هەزار و 455 بەرمیلی رۆژانە بەشدارییان كردووە.

لە تشرینی دووەمدا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 600 هەزار و 769 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە 434 هەزار و 109 بەرمیلی رۆژانە و كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە 166 هەزار و 660 بەرمیلی رۆژانە بەشداربوون. هەروەك لە كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 584 هەزار و 56 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەو رێژەیەدا 435 هەزار و 630 بەرمیل لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژانە 148 هەزار و 426 بەرمیل نەوتیش لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە هەناردە كراوە.

لە كانوونی دووەمی 2016دا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 601 هەزار و 811 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە 452 هەزار و 145 بەرمیل نەوت و كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە 149 هەزار و 666 بەرمیل نەوت بەشدارییان كردووە، بەڵام لە راپۆرتەكانی مانگی شوبات تا ئابی 2016 لە هیچ راپۆرتێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا ئاماژە بە هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور نەدراوە.

كەواتە بەگشتی توانای بەرهەمی ئەو كێڵگانەی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور بەڕێوە دەبرێن، لە مانگەكانی نیسانی 2015 تا كانوونی دووەمی 2016 رۆژانە نزیكەی 150 هەزار تا 170 هەزار بەرمیل نەوت بووە، بەڵام بەهۆی جیانەكردنەوەی بڕی بەرهەمی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن و تێكەڵكردنی بە بەرهەمی كێڵگەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، هیچ بەرچاوڕوونییەك لەبارەی بەرهەمی رۆژانەی ئەو كێڵگانەی كەركووك نییە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن، مانگانە بڕەپارەیەك وەك پترۆدۆلار رادەستی ئیدارەی كەركووك دەكات، ئەو بڕە پارەیە بە 10 ملیۆن دۆلاری مانگانە دادەنرێت، بەڵام دیسان جگە لە بەرپرسانی باڵای حكومەت و پارێزگاری كەركووك هیچ كەس و لایەنێكی تر ئاگاداری وردەكارییەكانی بڕی پارەكە و شێوازی وەرگرتن و وردەكارییەكانی خەرجكردنی نییە.

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی بۆ بكرێت، ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك نەك هەر بەشدارییەكی لە كۆی ئەو رێككەوتن و بڕیارانەی پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان یان حكومەتی عێراق نییە، بەڵكو زانیاری و ئاگاداربوونی هەر ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە، ئەوەندەی زانیاریی و ئاگاداری هاوڵاتییەكی ئاساییە كە لە رێگەی میدیاكانەوە هەندێك زانیاری سنوورداری پێ دەگات. بەڵكو لەئاستی پارێزگای كەركووكدا، كۆی رێككەوتنەكان لەلایەن نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك كراون و لە ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، جگە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، هیچ دامەزراوەیەكی رەسمی یان بەرپرسێكی حكومەت نە بەشداریی لە رێككەوتنەكان هەیە و نە زانیارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكەكەیانەوە هەیە.

ئەو حاڵەتە، راستییەكمان بۆ روون دەكاتەوە كە رێككەوتن و بڕیارەكان لەبارەی هەناردەكردن و بەڕێوەبردنی نەوتی كەركووك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركووك وەك دامەزراوە نەكراوە، بەڵكو چەند كەسێكی باڵادەستی حكومەت و پارێزگای كەركووك بەشێوەیەكی تاكەكەسی رێككەوتنەكانیان كردووە، لەئاستی هەرێمی كوردستاندا هیچ كات سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، رێككەوتنەكەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نەگێڕاوەتەوە و لە ئاستی پارێزگای كەركووكیشدا، هیچ كات پارێزگاری شارەكە، ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەخستووەتە روو.

ئەو رێككەوتنە تاكەكەسییانە، گومانی زۆر هەڵدەگرن، لە پشت رێككەوتنە شاراوەكان بەردەوام دەستكەوتی تاكەكەسی و بەرژەوەندی تایبەتی حزبی هەیە، ئەوەش وا دەكات ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان لە دامەزراوەكان و هاوڵاتیان بشاردرێنەوە. هەرچەند بە بەردەوامی بەرپرسەكانی پشت دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ناشەفافیەت و شاراوەییەكانی دۆسیەی نەوت، بە دۆخی سیاسی و تایبەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ عێراق پاساو دەدەن، بەڵام ئەو پاساوە، بەتەواوەتی لاوازە، لەكاتێكدا بەرپرسانی عێراق لەئاستی ناوخۆ و لە پەیوەندی لەگەڵ ناوەندەكانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەك توركیا و ئێران، بەئاسانی دەتوانن بە بڕی هەناردەكراوی نەوتی هەرێمی كوردستان بگەن.

ئاشكرایە لەپاڵ ئەو بڕە لە نەوتی كەركووك كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتن لەگەڵ پارێزگاری كەركووك هەناردەی دەكات، لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوریشدا دیسان نەوت بە تانكەر هەناردە دەكرێت، رۆژانە 30 هەزار بەرمیلی نەوت بۆ پاڵاوتگەی نەوتی كەركووك، 30 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوتگەی دوكان و ئەوەی تر بە رێگای تانكەرەوە بۆ ئێران هەناردە دەكرێت، بەڵام روون نییە داهاتەكەی بە كوێ دەچێت و چۆن مامەڵەی پێوە دەكرێت. 

هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە هەردوو بەشی ژێر دەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیای نەوتی باكوور، لە ئێستادا وەك كێشەیەكی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەركەوتووە، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە لە پشت رێككەوتنەكانەوە، هەست دەكرێت یان دەزانرێت دەستكەوت و پشكی تاكەكەسی هەیە. هەروەك ئەو دۆسیەیە لە پەیوەندی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات جارێكی تر كێشەی لەسەرە، كە دواتر روونی دەكەینەوە.

زەقترین نمونەی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە باڵەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی، خۆی لە راگەیەنراوەكەی باڵی "ناوەندی بڕیار"دا دەبینێتەوە كە لە 1ی ئەیلوولی 2016دا بڵاوكراوەتەوە. ئەو گرووپە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەروونی ئاماژە بە قۆرخكردنی داهاتی حزبەكە لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتوو دەدەن و زیاتر لەوەش هەڵوەستە لەسەر پرسی نەوت دەكەن لەو روانگەیەوە كە ناكرێت رێككەوتنەكان لەلایەن ژمارەیەكی دیاریكراوەوە بەبێ ئاگاداری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بكرێن. دوای راگەیەنراوەكە، سەركردەكانی ناوەندی بڕیار بەشێوەیەكی روونتر ئاماژەیان بە دۆسیەی نەوت داوە، ئەوان دانیان بەوەدانا باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی شەریكە لە داهاتی نەوتدا و سەفەقاتی ژێر بە ژێر لەو رووەوە هەیە.

هەرچەند لە راگەیەنراوەكەی ناوەندی بڕیار، هەوڵدراوە وێنایەكی گشتی لەمەڕ كۆی دۆسیەی نەوت و داهاتەكەی بخرێتە روو، بەتایبەت لە هەڵوەستە كردن لەسەر ئەو كێشانەی دۆسیەی نەوتی كوردستان لە نەبوونی شەفافیەت و گەندەڵی لە داهاتەكەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دواجار ئەو راگەیەنراوە و ئەوەش لە بارەی نەوتەوە گوتراوە، ئەوەندەی پەیوەندی بە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی نەوت لەناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، نیوئەوەندە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی نەوت لە ئاست هەرێمی كوردستان و لە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكرات نییە. هەر لەبەر ئەو هۆكارەیە كە راگەیەنراوەكە رەخنە لە سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی دەگرێ، بەوەی لە هەولێر شەریكی نەوتە و لە سلێمانی رەخنەگر و ئۆپۆسیۆن و داوا دەكات حزبەكە خۆی بەلایەكدا ساخ بكاتەوە.

بەكورتی كێشەكە زیاتر پەیوەستە بەناوخۆی یەكێتیی نیشتمانی و مامەڵەكردنی ئەو هێزە لەتەك دۆسیەی نەوتدا، نەك هەڵوێست بەرامبەر بەكۆی دۆسیەی نەوت و شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە كوردستاندا. سەرباری ئەوەش، هەر هەڵوێستێك بەرامبەر بە شێوەی مامەڵەكردنی هێزێكی وەك یەكێتی نیشتمانی لە دۆسیەی نەوتدا، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەواوی دۆسیەكە و شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتی نەوت دادەنێت، بەو هۆیەوە كە بەڕێوەبردنی داهاتی نەوت لە كوردستاندا، بە كۆمەڵێك بەرژەوەندی هاوبەشی سەركردە باڵادەستەكانی پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانییەوە گرێدراوە، شەفافیەت لەهەر لایەنێكدا، كاریگەری لەسەر لایەنی دووەم دەبێت.

ئەگەر بۆ دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بگەڕێینەوە، لە سەرەوە ئەوە روون كرایەوە كە هەریەك لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی یەكێتی نیشتمانی، لەو رێككەوتنانەدا بەشدارن كە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك ئیمزا كراوە، هەردوو بەرپرسەكەی یەكێتی نیشتمانی سەر بەو باڵەی حزبەكەن كە وەك باڵی دەستڕۆیشتوو ناودەبرێن.

لەو ماوەیەدا كە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەست كۆمپانیای نەوتی باكوور لە رێگەی هێڵی بۆڕی هەرێمی كوردستان-توركیا راگیراوە، چەند بەڵگەنامەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە دزەیان كردووە كە ئاماژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانە دەدەن، هەم بۆ پاڵاوتگەی نەوتی كەركووك، پاڵاوتگەی نەوتی دوكان و هەروەها هەناردەكردنی بۆ ئێران لە رێگەی تانكەرەوە.

هەناردەكردنی نەوتی ئەو كێڵگانەی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور بەڕێوە دەبرێن بۆ ئێران، بەدڵنیاییەوە بەرەزامەندی بەرپرسانی حكومەتی عێراق بووە، چونكە كۆمپانیای نەوتی باكوور وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، بەتەواوەتی لەژێر كۆنتڕۆڵی بەغدایە و خودی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئەو كێڵگانە لە رێگەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی كوردستان ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە. كەواتە هەناردەكردنی نەوتەكە، بەپێی رێككەوتنی نێوان بەرپرسانی حكومەتی عێراق و بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە و لەوەشدا ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن كە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی، كارەكەی كردووە و نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە 9ی ئابی 2016 بۆ حەیدەر عەبادی و داواكاری بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەو پەیوەندییە روونتر دەكاتەوە.

خودی نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ حەیدەر عەبادی و داواكارییە هەڕەشەئامێزەكەی بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی ئاڤانا و بای حەسەن لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە، بەشێكە لەو ململانێیەی لە نێوان باڵەكانی یەكێتی نیشتمانی دروست بووە و ئەو ناكۆكییە بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی دیموكرات پەڕیوەتەوە.

پێدەچێت هەوڵدانێك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی ناكۆكی نێوان باڵەكانی یەكێتی نیشتمانی بقۆزێتەوە بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ئێران و روونتر بڵێین، دەرهێنانی ئەو بەشە لە نەوتی كەركوك لە چنگ باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی، راگەیاندنی ناوەندی بڕیار و زەقبوونەوەی كێشەكان لەنێوان باڵەكانی ناوخۆی یەكێتیدا، دەكرێت وەك دەرفەتێكی گونجاو لەلایەن پارتییەوە لێكدانەوەی بۆ بكرێت و راستەوخۆ هەوڵی هاتنە ناو یارییەكە بدات، ئەو خوێندنەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوەندەی هەڕەشە یان لانی كەم ئاگەداركردنەوەیەكە بۆ ناوخۆی یەكێتی لەلایەك و پارتی دیموكرات لەلایەكی تر ئەوەندە هەڕەشە و ئاگەداركردنەوەیەك نییە بۆ حەیدەر عەبادی و حكومەتی عێراق، سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراقی و لایەنی ئێرانی حیساب بۆ هەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی بكەن یان بەرژەوەندییەكانیان بە گرێدراوی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی دابنێن.

لە 29ی ئابی 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پارتی، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، لە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەوە بڵاوكرایەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە نەوتی كوردستان و كەركووك كراوە و هەردوولا لەسەر گفتوگۆی تەكنیكی لە نێوان وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكاندا رێككەوتوون، دواتر لە میدیاكانی پارتییەوە بانگەشەی رێككەوتنێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەسەر بنەمای نیوە بە نیوە لە نێوان هەولێر و بەغدا كرا و پاشان نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەر رێككەوتنێكی نوێی لەسەر نەوتی كەركووك رەت كردەوە و زیاتر لەوەش نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێداگیری لەسەر وەرگرتنەوەی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن دەكات.

ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرێت، لە ئێستادا هەناردەی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور لە رێگەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا دەستی پێ كردووە و بەپێی بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوور، بڕیارە بڕەكە بۆ 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بكرێتەوە. ئەوەش ئاماژەیەكە بەوەی رێككەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ دەست كردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی باباگوڕگوڕ، جەمبور و خەبازە لە رێگەی هەرێمی كوردستان، بەڵام روون نییە ئایا دەستكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی ئەو كێڵگانە، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێیە یان هەوڵێكە بۆ درێژەدان و دووبارەكردنەوەی هەمان رێككەوتنەكەی كانوونی یەكەمی 2014 یان رێككەوتنێكی كاتی هاوشێوەی رێككەوتنەكەی تشرینی دووەمی 2014یە بە ئامانجی زەمینەسازی بۆ رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا. 

هەرچەند دیوە شاراوەكانی یارییەكە زۆر روون نییە، بەڵام ئەوەی تێدا دەخوێنرێتەوە كە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی بەهۆی كاردانەوەی باڵی ناوەندی بڕیار لەمەڕ نەوتی كەركووك لەلایەك و بەهۆی هەڵوێست و یارییەكانی پارتی دیموكرات لەلایەكی تر، لە ژێر فشاردا بێت و بەو هۆیەوە بیەوێت دەستی خۆی پێش بخات، ناكۆكییەكە لە هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەست كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ناكۆكی لەسەر هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن بگوازێتەوە، لەوەشدا دەیەوێ رێگری لە هەر هەوڵێكی پارتی دیموكرات بكات بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەڵوێستی ناوەندی بڕیار یان لە هەر رێگرییەكی كردەنی لە هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ئێران و بەروونی بڵێ، ئەگەر ئێوە هەوڵی راگرتنی هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ئێران بدەن، ئێمەش دەتوانین بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن بۆ توركیا دروست بكەین.

یان ئەوەی كە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت لە وروژاندنی دۆسیەی نەوتی كەركووك، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی بۆ دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی بگوازێتەوە، بەو مەبەستەی كە كێشەی پەیوەست بە نەوت و داهات لەناو یەكێتی، بۆ كێشەی پەیوەست بە نەوت و داهات لە پەیوەندی یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ پارتی دیموكرات بگۆڕێت، لەكاتێكدا كە ناوەندی بڕیار لە راگەیەنراوەكەیاندا، باڵی دەستڕۆیشتوو بە پاوانكار و قۆرخكار و هاوبەش لە داهاتی نەوت نیشان دەدەن، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وێنایەكی پێچەوانە لەمەڕ خۆیی و باڵی دەستڕۆیشتوو نیشان دەدات، كە بەدەنگ هاتنە لەسەر داهاتی گشتی و بەرژەوەندی گشتی، لە كاتێكدا هۆی نووسینی نامەكەی بە داخوازییەكانی جەماوەری یەكێتی نیشتمانی و خەڵكی كەركووكەوە گرێ دەدات.

نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرێت لە دیوێكی دیكەشدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت، لە دوو ساڵی رابردووەوە كە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك یەكەم سەردانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكرات بۆ توركیا ئەنجامدا، تا ئێستا، وەك دەردەكەوێت نەجمەدین كەریم وردە وردە دەبێت بە توخمی زاڵ و رەگەزی سەرەكی لە بەڕێوەبردن و ئاراستەكردنی دۆسیەی نەوتی كەركووكدا، رۆڵی ئەو كارەكتەرەی یەكێتی نیشتمانی، لە یەكەمین رێككەوتنەكان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بەرێگەی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەست پێ دەكات و لە قۆناغەكانی دواتردا بە دانوستان و گفتوگۆكردن بۆ راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی كەركووك دەگات، لەناویاندا دانوستان و گفتوگۆكان لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی.

لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك هاوڕێ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەمەبەستی بەشداریكردن لە فۆڕمی ئابووری نێودەوڵەتی سان-پترسبۆرگ سەردانی رووسیایان كرد و لە پەراوێزی ئەو چالاكییە نێودەوڵەتییەدا، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، نەجمەدین كەریم و ئاشتی هەورامی، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی گفتوگۆیان كرد بوو لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی كەركووك و بەدڵنیاییەوە چەند بژاردەیەك خستووەتە بەردەم ئەو گەورە كۆمپانیایەی نەوتەوە.

ئەو جموجۆڵانەی نەجمەدین كەریم بە ئاراستەی بەڕێوەبردنی نەوت و داڕشتنی سیاسەتێكی نوێی نەوتی بۆ كەركووك، سەرباری ئەوەی لە بازنەی سیاسەت و دنیابینی نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆسیەكە زۆر دوور ناكەوێتەوە، ئەگەر راستەوخۆ لەناو ئەو بازنەیەدا نەبێت، لەهەمان كاتدا واقیعێكی تر لەبارەی رۆڵ و پێگەی نەجمەدین كەریم دێنێتەكایەوە، كە ئەگەر لەسەر هەمان رەوتی جموجۆڵەكان بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوو، ئەو كارەكتەرەی یەكێتی نیشتمانی، لانی كەم لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی كەركووكدا، بە هەموو یەكێتی نیشتمانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، ئەو رۆڵبینینەی نەجمەدین كەریم لە ئاستی پارێزگای كەركووكدا، وێنەیەكی بچووكراوەیە لە هەمان رۆڵبینینەكانی نێچیرڤان بارزانی لەئاستی هەرێمی كوردستاندا و بەكورتی خەریكە دەبێت بە توخمی هەرەزاڵ لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی شارەكەدا.

كەواتە گریمانەی ئەوە دەكرێت، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوكات ئامانجێكی تر لە رێگەی ئەو نامەیەوە بپێكێت، كە ئاگەداركردنەوە و هەڕەشەیەكە بەرامبەر بە جموجۆڵەكانی نەجمەدین كەریم و دەیەوێت ئاگاداری بكاتەوە لەوەی سنوورێك بۆ خۆی دیاری بكات كە لە بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی باڵی دەستڕۆیشتوو تێپەڕ نەكات. بەتایبەت كە هەنگاوەكانی ئەو كارەكتەرەی یەكێتی نیشتمانی، لە دوای جێگیربوونی رێككەوتنی نەوتی هەولێر-كەركووك و رەوانەكردنی چەند بڕەپارەیەك لە پترۆدۆلاری كەركووك لەلایەن هەولێرەوە، پێگەیەكی تاڕادەیەك جێگیری بە پارێزگاری كەركووك داوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە مامەڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نەوتی كەركووك دەكات.

تەنانەت بە ئێستەشەوە، بەهێزترین ئامرازی میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان و نزیك لەو حزبە، بۆ پاساودانەوەی نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی مامەڵەی ناشەفاف و نادادپەروەرانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتەك داهاتی نەوتی كەركووك و سوودمەندنەبوونی خەڵكی كەركووك لە نەوتی شارەكەیان، بەكارهێنانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی رادیۆی دەنگی ئەمەریكایە لەگەڵ نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك كە تیایدا دووپات لەوە دەكاتەوە بەرامبەر بە هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن رێككەوتنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێم پابەند بووە بە دابینكردنی شایستە داراییەكانی كەركووك.

نەجمەدین كەریم لەو دیدارەدا كە لە 20ی ئایاری 2016 لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا سازی كردووە، كاتێك پرسیاری سوودمەندبوونی خەڵكی شارەكەی لێ دەكرێت لە بەرامبەر هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، ئەوە دەكاتە دەرفەت بۆ رەخنەگرتن لە سیاسەتی حكومەتە یەك لە دوای یەكانی عێراق كە لە سەرەتای دەرهێنانی نەوت تا حكومەتەكانی ئێستا، بەردەوام نەوتیان لەكەركوك دەرهێناوە و تەنانەت راوێژیشیان بە كەركوك نەكردووە، بگرە دووپات لەوە دەكاتەوە كە لەوەتەی بەغدا نەوتی كەركووكی دەرهێناوە، لە كوشتنی خەڵكی شارەكە بەكاری هێناوە و لە بەرامبەردا ئەوە رەت دەكاتەوە كە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دزین بێت و پاساویش بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەلایەن هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ دێنێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی كە حكومەتی عێراق پابەند نەبووە بە خەرج كردنی شایستە داراییەكانی كوردستان و لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بۆ پڕكردنەوەی شایستە داراییەكان نەوتی كەركوك هەناردە بكات.

خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە نەجمەدین كەریم سەرەڕای نزیكی لە باڵی دەستڕۆیشتوو یان لە بنەماڵەی تاڵەبانی، بەڵام ئەوە واقیعێكە كە ئەو كارەكتەرە بەرەو دەرچوون لە سێبەری بنەماڵەی تاڵەبانی دەچێت و تێڕوانین و جموجۆڵەكانی لە دۆسیەی نەوتدا، هاوتەریب لەگەڵ تێڕوانین و جموجۆڵەكانی نێچیرڤان بارزانی دەڕوات و لەو رێڕەوەشدا خواستی هەردوو كارەكتەرەكە و بەرژەوەندییەكانی كەركوك و هەولێر بەیەكەوە دەبەسترێنەوە. تەنانەت لەهەمان دیداری رۆژنامەوانیدا، پارێزگاری كەركووك زۆر بە روونی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە مانەوەی كەركوك بەو شێوەیەی ئێستە و لە ژێر دەستی بەغدا، جگە لە زیان هیچ سوودێكی نابێت و لەو روانگەیەوە دوو بژاردەی یان گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان یان هەرێمێكی سەربەخۆ دەخاتە روو، ئەو پشتكردنە بەغدا و روو كردنە هەولێرە، لانی كەم لەگەڵ سیاسەتی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی نیشتمانی، زۆر تەریب نایەتەوە.

كەواتە ئەگەر سەرنج لە رێككەوتی دیدارەكەی نەجمەدین كەریم و نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بدەین، راستتر ئەوەیە كە دەشێت نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامێك بێت بۆ نەجمەدین كەریم نەك بە پێچەوانەوە، وەك ئەوەی میدیای پارتی و نزیك لە پارتی، دیدارەكەی نەجمەدین كەریم وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەخەنە روو. ئەوە روونە كە لەلایەن پارتی دیموكراتەوە، وەبەرهێنانێكی گەورەی میدیایی لە پشت دیدارەكەی نەجمەدین كەریمەوە تەنانەت لە سۆشیال میدیاكاندا دەكرێت، ئەو دیدارە هەم وەك پاكانایەك بەرامبەر بە تۆمەتباركردنی پارتی و حكومەتی هەرێم لە دزینی نەوتی كەركوك و هەم وەك رەتكردنەوەیەكی هەڵوێستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەكاردەهێنرێت.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كەم تا زۆر هەستی بەو راستییە كردووە كە خەریكە جڵەوی دۆسیەی نەوتی كەركووك لەدەست بنەماڵەی تاڵەبانی بەتایبەتی و یەكێتی نیشتمانی بەگشتی دەردەچێت، لەكاتێكدا هەم پێشكەوتنەكانی نەجمەدین كەریم و هەم بەیەكەوە گرێدانی بەرژەوەندییەكانی هەولێر و كەركووك بەروونی دەبینێت. تێگەیشتن لەو راستییە، ئەو گریمانەیە دروست دەكات كە نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەهەمان كاتدا ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ پارێزگاری كەركووك و هەروەك دروستكردنی بەربەستێك لەبەردەم بەیەكەوە گرێدانی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی هەولێر و كەركوك، كە دەشێت یەكێتی نیشتمانی ترسی لەوە هەبێت، ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییانە بۆ توندوتۆڵبوونی پەیوەندییە سیاسییەكان لە نێوان هەولێر و كەركووك سەربكێشن. لەكاتێكدا كە یەكێتی نیشتمانی، كەركوك بە بەشێك لە قەڵەمڕەوی فەرمانڕەوایی سلێمانی دەزانێت و بە هەر نرخێك بێت هەوڵ دەدات وەها پەیوەندییەك لە نێوان هەولێر و كەركووك دروست نەبێت كە لە داهاتوودا كەركوك بخاتە ناو قەڵەمڕەوی هەولێرەوە.

كەواتە هەموو ئەو گریمانانەی لە پشت نامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەكرێن، راستەوخۆ پەیوەندییان بە ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی بەتایبەتی و كێشە و ناكۆكییەكان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەئاستی هەرێمی كوردستاندا یان روونتر بڵێین لە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكرات بەگشتی هەیە. نامەكە كەم تا زۆر پەیامێكی هەڕەشەئامێز یان ئاگاداركردنەوە یان راگەیاندنی هەڵوێست بەرامبەر بە حكومەتی عێراق نییە، بەڵكو حكومەتی عێراق وەك ئامرازێك بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكە و شاردنەوەی دیوی راستەقینەی كێشەكە بەكاربێنێت، هەر ئەو رەهەند و ئامانجە ناوخۆییانەش وا دەكات میدیای فەرمی یەكێتی نیشتمانی، دەقی نامەكە بڵاوبكاتەوە، بۆ ئەوەی پەیامەكە بگاتە كارەكتەرە سیاسییەكانی ناوخۆ و لەو شوێنەشدا كە پێویست بە ئاراستەكردنی رای گشتی و تێگەیشتنی جەماوەری یەكێتی نیشتمانییەوە هەیە، كاری خۆی بكات.

ئەگەر ناكۆكییەكان لە ئاستێكی فرەوانتر لەناوخۆی یەكێتی و پەیوەست بە ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی لەسەر دەست گەیشتن بە پشك و بەرژەوەندی زیاتر، لێكدانەوەیان بۆ بكرێت، لانی كەم لە پەیوەندی بە ململانێی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات، دیسان دۆسیەی نەوتی كەركووك خاڵێكی بەهێز لەو ململانێیە پێك دێنێت.

پارتی دیموكرات چیتر ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری نەوتی كەركوك بێت، لەلایەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕكردنی تەنگژەی دارایی پێویستی بەداهاتی نەوتی شارەكەیە، لەلایەكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەبێ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك/لانی كەم بەبێ نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن، ناتوانێت پارێزگاری لە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بكات، ئەوە ئاشكرایە كە بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن، بەشێكی گەورە لە تێكڕای هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان پێك دێنێت و ئاستی هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاڤانا و بای حەسەن بەتەواوەتی دادەبەزێت، ئەوەش وا دەكات پارتی دیموكرات بەهەموو توانایەوە شەڕ لە پێناو نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن بكات و بەدڵنیایەوە یەكێك لە پاڵنەرە هەرە سەرەكییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لە تەموزی 2014دا، هەستكردن بوو بەو مەترسییەی لەمەڕ دابەزینی ئاستی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.

كەواتە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكرات وەك هێزی باڵادەستی ناو ئەو حكومەتە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە قەبارەی بەرهەمی نەوتی هەناردەكراو بكات، ناتوانێت بە هیچ نرخێك دەستبەرداری نەوتی كەركوك بێت، لەكاتێكدا یەكێتی نیشتمانی بەردەوام مەترسییەكە لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا و ئەگەر بیەوێت بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن لە رێگەی هەرێمی كوردستان دابنێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە گورزێكی كوشندە لە قەبارەی بەرهەمهێنان و توانای هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و ئەو دەستكەوتە ئابوورییەی پارتی دیموكرات دەدات كە لەرووی سیاسیشەوە بووەتە ئامرازێكی بەهێز لە زاڵبوونی ئەو هێزە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا.

ئەوەی یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكرات دەدات لە سەرخستنی ئەو پرۆسەیەی دەستی پێ كردووە، ئەو قەیرانە ئابووریەیە كە بەهۆی خەرج نەكردنی شایستە داراییەكانی كەركوك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە رووبەڕووی پارێزگاكە بووەتەوە. ئاشكرایە بەهۆی خەرج نەكردنی پارەی پترۆدۆلاری كەركووك كە لە ساڵی 2013 تەنیا 20%ی پترۆدۆلارەكەی بۆ خەرج كراوە و لە ساڵی 2014 و 2015شدا، هیچ پارەیەكی پترۆدۆلاری بۆ خەرج نەكراوە، هەروەك بەهۆی خەرج نەكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای كەركووك لەلایەن بەغداوە، پارێزگای كەركووك رووبەڕووی فشارێكی گەورە بووەتەوە، سەتان پرۆژەی وەبەرهێنان لە شارەكەدا راگیراون و سەرووی شەش هەزار فەرمانبەری گرێبەست بە پارەی پترۆدۆلار لە فەرمانگەكانی كەركوك بێكار ماونەتەوە.

هەموو ئەوە وا دەكات ئیدارەی كەركووك ناچار بێت بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر تەنیا خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلاردا رازی بێت، لەكاتێكدا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك جگە لە هەرێمی كوردستان رێگەیەكی تر لە ئێستادا بەردەست نییە، پاش ئەوەی داعش پارێزگای موسڵ و سەلاحەدین یان رێگای گواستنەوەی نەوتی كەركووك-توركیای داگیر كرد و تەنانەت پێش هاتنی داعش، هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەو رێگەیەوە، بەهۆی كردە تیرۆریستییەكان و بە ئامانجگرتنی بۆڕییەكانی گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ توركیا، راگیرا بوو.

كەواتە زەحمەتە پارێزگای كەركوك بتوانێت دەستبەرداری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان تاكە دەروازەی هەناردەكردنی نەوتەكەیەتی و تەنیا سەرچاوەی داهاتیشی لەو مانگانەی رابردوودا، ئەو بڕە پارەیەیە كە وەك پترۆدۆلار لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێی دەدرێت. لەهەمان كاتدا زەحمەتە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەرداری نەوتی كەركوك بێت، لەكاتێكدا هەم تا ئێستا شكستی هێناوە لە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەم بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ناتوانێت تەواوی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی خاوەنكار لە كەرتی نەوت خەرج بكات تا پەرەپێدان لە كێڵگەكانی نەوتدا بكرێت بۆ پارێزگاری لە قەبارەی بەرهەمهێنان لەلایەك و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەكی تر.

وەك دەردەكەوێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مامەڵەكردن لەتەك دۆسیەی نەوتی كەركووك، گوتارێكی هاوبەشی نییە و هەڵوێستی ئەو هێزە، بەسەر هەردوو باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی دەستڕۆیشتوو كە وەك زۆرینەی مەكتەبی سیاسی خۆی ناساندووە، دابەش بووە، بگرە دابەشبوون لەناو خودی باڵی دەستڕۆیشتوو هەست پێ كراوە كە خۆی لە هەڵوێستی جیاوازی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە بەرامبەر هەڵوێستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا دەبینێتەوە. ئەو دابەشبوونەی هەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی، گرێدراوی دەستگرتنە بە بەرژەوەندی تایبەتی كارەكتەرە زاڵەكان و لە پێناو پاراستن و گرتنەدەستی پشكێكی زیاتر لە داهاتی نەوتدا. لەهەمان كاتدا، هەڵوێستی پارتی دیموكرات لەتەك دۆسیەی نەوتی كەركوكدا، هاوشێوەی مامەڵەكردن لەتەك دۆسیەی نەوتی كوردستاندا، مامەڵەیەكی تاكلایەنە و بەكارهێنانی دۆسیەكەیە لە پێناو ئامانج و ستراتیژیەتی تایبەتی حزبەكە، لەدەرەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكاندا.

لە خوێندنەوەی واقیعی بەرژەوەندییەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوتدا، ئێستا بەرژەوەندییەكی هاوبەش هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك بەیەكەوە گرێ دەدات، بەڵام لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی تاكەكەسی و حزبییەوە، وەك دەردەكەوێت هیچ بەرنامە، پلان و پرۆژەیەكیان لە بەرژەوەندی كۆی دۆسیەی پارێزگای كەركووك و خەڵكەكەی نییە، بگرە هەریەك لەوان دەیەوێ رای گشتی لەئاستی كەركوك و هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی بجوڵێنێت.

لەوەتەی شەڕی داعش و پاشەكشەی هێزەكانی سوپای عێراق لە موسڵ، سەلاحەدین و بەشێك لە شارۆچكە و شارەدێیەكانی سنووری پارێزگای كەركووك، ناوچە نەوتییەكانی كەركووك وەك ئەمری واقیع كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمنی و سەربازی هەرێمی كوردستان لەلایەك و بەهۆی ناجێگری بارودۆخی ئەمنی پارێزگای موسڵ كە بۆڕی هەناردەی نەوتی كەركووكی پێدا تێپەڕ دەبێت و لە پێش داگیركارییەكانی داعشەوە رووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماری تیرۆریستی بووەوە كە لە كۆتاییدا حكومەتی عێراقی بە شێوەیەك لە شێوەكان لە بەرامبەر كۆنتڕۆڵكردنی ئەمنیەتی ئەو بۆڕییە دەستەوەستان مایەوە، هەردوو هۆكارەكەی سەرەوە زەمینەیەكی باشیان بۆ هەرێمی كوردستان رەخساند بە كردەنی كۆنتڕۆڵی كێڵگەكانی نەوتی كەركووك بكات.

بەڵام لەپاڵ ئەو زەمینە گونجاوەدا، وەك دەردەكەوێت نەبوونی سیاسەتێكی روون و ئاشكرای نەوت لەئاست حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وای كردووە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان یان تەنانەت كارەكتەرە باڵادەستەكانی ناو ئەو هێزانە وەك لەوەی ئێستا دەردەكەوێت، لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان یان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی گرووپ و حزبەكانیان، دۆسیەكە ئاراستە و بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەو یارییە بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان تا سەر ناخایەنێت و لە قۆناغی دوای شەڕی داعش كێشەی تر دێنە پێشەوە.

ئەگەر حكومەتی عێراق بەهۆكاری سەرقاڵبوون بە شەڕی داعشەوە، تا ئێستا نەپڕژاوەتە سەر كۆنتڕۆڵكردنەوە و یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوتی كەركووك، ئەوە لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای موسڵ و كۆتایی هاتنی داعش لە عێراق، دەتوانێت هەمان رۆڵی پێشوو لەبارەی نەوتی كەركووك بۆ خۆی بگێڕێتەوە، لەكاتێكدا كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە ململانێی ناوخۆیی و شەڕی بەرژەوەندییە تایبەتەكانەوە خەریكن، حكومەتی عێراق باشتر دەتوانێت لە یارییەكە دووریان بخاتەوە. دەشێت تا كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای موسڵ و پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی كەركووك پێیاندا تێپەڕ دەبێت، حكومەتی عێراق نەرمییەك و سازشێكی تەواو لەبەرامبەر نەوتی كەركووك بنوێنێت، بەڵام دوای ئەو قۆناغە، چیتر حكومەتی عێراقی بەهۆی نەبوونی رێگەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، ناچار نابێت ئیرادەی خۆی بخاتە ژێر ركێفی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

كەواتە ئەگەر حكومەت و هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە راستی بەرنامەیەكیان لە پێناو نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستان هەبێت، پێویست دەكات لە ئێستاوە هەوڵەكانیان یەك بخەن بە ئاراستەی دۆزینەوەی میكانیزم و رێگەچارەسەری گونجاو وەك خۆئامادەكاریی بۆ ئەو هەڵومەرجە نوێیەی دوای داعش لە عێراق دێتەكایەوە، پێچەوانەی ئەوە، واقیعێكی تاڵ لەمەڕ نەوتی كەركووك دەسەپێنێتەوە و ئەوەش دەسەلمێنێت، هیچ كات هێزەكانی سیاسی هەرێمی كوردستان لە كۆنتڕۆڵكردنی نەوتی كەركووكدا، ئامانجێكی پاكیان نەبووە.