پەرلەمانتارێك باس لەپیلانی ئێران‌و توركیاو عێراق بۆ رێگری لەریفراندۆم دەكات

کوردستان

17/07/2017‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئێران بۆ پرسی ریفراندۆم هاتووەتە سەر خەت بۆ ڕێگریكردن لەنجامدانی، جگە لە بانگهێشتی یەكێتی نیشتمانی بۆ تاران‌و هاتنی باڵیۆزی عێراق بۆ هەرێم.

هەر بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر مەسعود بارزانی جددی بێت لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم فشارەكانی ئێران زیاددەكات‌و هەماهەنگی بۆ ڕێگری ڕیفراندۆم لەنێوان توركیاو ئێران‌و عێراق دەكرێت.

ئەو قسانەی عەلی حەمەساڵح لەمیانی نووسینێك بووە، كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاشكراشیكردووە بە "هەڕەشەی سیاسی‌و فشاری ئابووری‌و مەترسی سەربازی هەرێم لەپرسی ریفراندۆم ئاگاداردەكرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیكردووەتەوە، "ئەگەر بارزانی هەر بەردەوامبێت، دەبێت ڕیفراندۆم‌و لەكەركوك‌و ناوچە كوودستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەكرێت، بەهیچ شێوەیەكیش بیر لەدروستكردنی دەوڵەت نەكرێتەوە".

هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە  زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن "بارزانی پەشیمانببێتەوە لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ٩، تاوەكو ئێستاش ئامادەكاری جدی نەكراوە بەتایبەت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".

عەلی حەمەساڵح لەو بارەشەوە بۆچوونی خۆی خستووەتەڕوو، بەوەی دەبێت ئامادەكاری زیاتر بكەن بۆ ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی ئەم كارتە نەسوتێنرێت‌و خۆیان بۆ هەڕەشەكانی توركیاو عێراق‌و ئێران ئامادەبكەن‌و ئابووری بەهێز، سیستەمێكی حوكمڕانی تەندروست دروستبكەن‌و كاریش لەگەڕاندنەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان بكەن.

بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەپێی بڕیاری لایەنە سیاسییەكان‌و مەسعود بارزانی، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح