شارپرێس:
جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە رێكخەری گشتیو خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكە هەڵدەبژێرێت، كە راگەیاندنی فەرمی ئەو حیزبە وردەكارییەكەی لەراپۆرتێكدا ئاشكراكردووە.
لەراپۆرتەكەدا هاتووە، "لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بۆ دەستنیشانكردنی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەپێی مادەی 15 لەدەستووری ناوخۆی پەسەندكراوی یەكەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت".
لەراپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، كە "هەر بەپێی دەستوور ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لەپرۆسەیەكی دیموكراسیدا بەشت بەستن بەبنەماكانی یاساو رێساكانی هەڵبژاردن هەڵدەبژێردرێن، كە ئێستا ژوورە تایبەتمەندەكانی بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی نووسینەوەی رێنماییەكانن بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە".
راگەیاندنی فەرمی گۆڕان راشیگەیاندووە "لەدوای كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا پەنا دەباتە بەر دەستووری پەسەندكراوی یەكەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە تێیدا دەستنیشانی كردووە چۆن و كێ دەبێتە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان".
نەوشیروان مستەفا رۆژی 19/5/2017 لەشاری سلێمانیو بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، كە پۆستی رێكخەری گشتی هەبوو، بەو هۆیەشەوە ئێستا پۆستەكە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
شۆرش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵیKNN زمانحاڵی ئاشكرایكرد، هەفتەی داهاتووە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەو كەسێك بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەكەو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت.
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند جڤاتی نیشتمانی گۆڕان "باڵاترین دەسەڵاتی بزووتنەوەكەیەو خانەی راپەراندن دەبێتە جێبەجێكاری بڕیارەكانی جڤات".
خانەی راپەڕاندن پێكدێت لەڕێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان، سكرتێری كاروباری خەڵكو سەرۆكی جڤاتی گشتی.
هـ ـ ح