بارزانی بەهۆكار دەزانێت
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی رێگرییەكانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردی ئاشكرادەكات

کوردستان

24/07/2017‌ 8480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هەرێم قادر
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەبارەی رێگرییەكانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردی ئاشكراكردووەو بارزانیش بەیەكێك لەهۆكارەكان دەزانێت.

جاكسۆن دایهڵ، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی، لەڕاپۆرتێكیدا سەبارەت بەریفراندۆم‌و بارو گوزەرانی ئیستای خەڵكی كوردستان ئەوەی ئاشكراكردووە، كە كوردستان بریتییە نییە لەو كوردستانەی، كە پێنج ساڵ لەمەوبەر  پێش دەركەوتنی  دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش هەبوو.

جاكسۆن دایهڵ ئاشكراشیكردووە، ئەوكات كوردستان وڵاتێكی "ئاشتیخواوز و لەگەشەسەندندا بوو، هەروەها نمونەیەك بوو بۆ وڵاتێكی خۆرئاوایی دیموكرات، كە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی سەربەستی تەواو لەعێراق، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت".

ئەو رۆژنامەنوسەی رۆژنامە ئەمریكییەكە ئەوەشی نووسیوە، ئێستا  "بەداخەوە بەهۆی جەنگەوە، گۆڕانكارییەكی زۆر ڕوویداوە لەو كاتەوە، پاش چۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو دەستەو حیزبە كوردییەكان‌و بڵاوبوونەوەو دزەكردنی داعش بۆ باشوور و  ڕۆژئاوای ناوچەكە، بەو هۆیانەشەوە، لەڕووی سیاسی‌و داراییەوە، كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو  ڕووخاوە."

بەقسەی جاكسۆن دایهڵ،  مەسعود بارزانی دوای چوار ساڵ لەبەسەروچونی دەسەڵاتەكەی، هێشتاش لەشوێن‌و پێگەكەی خۆیدا ماوەتەوەو پەرلەمانەكەشی نزیكەی دوو ساڵ دەبێت هیچ دانیشتنێكی نەكردووەو پەكخراوە، حكومەت لەژێر فشاری قەرزێكی زۆردایەو زۆر بەگران دەتوانێت، موچەی سێچارەكی دەستی كار لەوڵاتەكەی دابینبكات، كە زۆربەیان كارمەندی حكومەتن، هێزە ئەمنییەكان‌و هێزەكانی سوپا، دابەشبوون بەسەر چەند بەشێكدا، كە لەململانێدان لەگەڵ یەكتر".

هەر بەقسەی ئەو رۆژنامەنووسە هەڵوێستی بارزانیش لەبارەی ئەو "كارەساتانەی"، كە لەوڵاتەكەیدا دەگوزەرێت، بریتییە لەدانانی كات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبەرواری 25 ی ئەیلولی ئەمساڵدا، بەمەبەستی جیابوونەوە لەعێراق‌و پێكهێنانی هەرێمێكی سەربەخۆی كوردی، كە "ئەم بڕیارەی بارزانی نەك تەنیا لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەڵكو لەلایەن وڵاتە بەهێزەكانی وەك، توركیاو ئێرانی دراوسێی كوردستانیشەوە ڕەتكراوەتەوەو ئەمەریكاش ڕەتیدەكاتەوە، كە پاڵپشتی ریفراندۆمی كوردستان بكات‌و بەهیچ شێوەیەك ڕازی نییە، كە ئەنجام بدرێت".

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە لەوەش گرنگترو رێگرییەكان ئەوەیە "تەنانەت ئەو كوردانەی ڕازین بەئازادی‌و دیموكراتی، پێیانوایە سیاسەتی هەرێمەكە، گەیشتووەتە كۆتاییەكی مەترسیدار".

هـ ـ ح