لەگەڵ گۆڕان پرسی سەرۆكایەتی تاوتوێدەكات
پارتی ئەگەر پەرلەمان بڕیاربدات ڕازییە ڕیفراندۆم دوابخرێت

کوردستان

02/08/2017‌ 5532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، كە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم تاوتوێدەكەن‌و ڕازین بەدواخستنی ڕیفراندۆم ئەگەر پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات.

وشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممەی هەفتەنامەی ئاژانسی راگەیاندووە، سەردانی شاندی پارتی بۆ لای گۆڕان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە، كە "لەنێوانماندا هەبووەو كۆبوونەوەیەكی كراوە دەبێت‌و هەموو شتێك بەڕاشكاوی باس دەكرێت".

وشیار سیوەیلی راشیگەیاند "ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە، پەرلەمان كارابكرێتەوە‌و یاسا بۆ ڕیفراندۆم دەربكرێت‌وو پەرلەمان بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات، یان نا، بەڵام گومانی تێدا نییە پەرلەمان ئەو بڕیارە دەدات، كە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، چونكە هەموو لایەنەكان لەكۆمیتەی ڕیفراندۆمدان، بێجگە لەگۆڕان‌‌و كۆمەڵ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕازین بەبڕیاری پەرلەمان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم".

سەبارەت بەپرسی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیش ناوبراو ئەوەی راگەیاندووە "لەنێوان لایەنەكاندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، جۆرێك لەئیتفاقی سیاسی بكرێت، ئەوكات لەپەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێكە لەو پرسانەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت لەگەڵ گۆڕاندا״.

ئەمە لەكاتێكدایە دوو ساڵ دەبێت وادەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو بووەو بەهۆی كێشەی پارتی‌و گۆڕانیش پەرلەمان لەكاركەوتووە، ئەمە جگە لەوەی لەبەردەوامی لەكاركەوتنی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەكان رۆژی 25/9/2017یان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریكردووە.

هاوكات ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بۆ هەمان هەفتەنامە وتی: ״ئێمە داوای ئاساییكردنەوەی پەرلەمانمان كردووە وەك خۆی، یەكێك لەئیشەكانی پەرلەمان موناقشەی ڕیفراندۆم دەبێت، ئیشە سەرەكییەكەی پەرلەمان یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە، لەكوێدا پچڕاوە لەوێدا گرێ بدرێتەوە‌و قسەی لەسەر بكرێت״.

ئاوات شێخ جەناب وتیشی: ״پارتی بەشەرتی ڕیفراندۆم باسی ئەوەی كردووە، كە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەپەرلەمان چارەسەربكرێت، ئێمە مەرجمان قبووڵ نییە، ڕیفراندۆم ئیشی پەرلەمانە‌و ئیشی كۆمیتەیەك نییە، پەرلەمان بڕیار دەدات‌‌و دەیداتە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان״.

هـ ـ ح