شارپرێس:
لەدیداری ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەڵوێستی فەرمی خۆیانیان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێڕاگەیاندوون، كە "یان دەبێت نەكرێت، یان دوا بخرێت".
بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی ئاژانس، لەهەفتەی ڕابردوودا شاندێكی باڵای ئێران سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كردووە لەسلێمانی، كە بەپێی زانیارییەكان پرسی ڕیفراندۆم هۆكاری سەرەكی كۆبوونەوەكانیان بووە.
ڕەئوف عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەوە وتی: ״ئێرانییەكان بەئاشكرا پێیانوتین، كە لەلایەن قیادەكانیانەوە پەیامیان ناردووە ڕیفراندۆم نەكەنو بەپێچەوانەوە چاوەڕێی شتی باش لە ئێران نەكەن״.
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر شاندێكی یەكێتییش سەردانی ئێرانی كردو لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆ بوونەوە.
نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لەئێران لەو بارەوە وتی: ״ئێران بەفەرمی بەیەكێتییان وت، كە لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نینو ئەنجامی خراپی بڕیاری ڕیفراندۆم ببینن و چاوەڕێی شتی باشمان لێنەكەن״.
نازم دەباغ وتیشی: ״یەكێك لەكاردانەوەكانی ئێران داخستنی خاڵە سنوورییەكان دەبێت، كە ڕۆژانە خواردەمەنیو پێداویستیی ڕۆژانە لەو سنوورانەوە دەگەنە هەرێم، یەكێكی تر لە ئەگەرەكانیش هاوكاریی لۆجستییە، كە هیچی نامێنێت״.
هەروەها جەختیكردەوە، كە یەكێتی ڕۆڵی خۆی دەبێت لەبڕیاری ڕیفراندۆمدا بەئەنجامدانی یان دواخستنیو ئاشكراشیكرد "جارێكی تر شاندێكی یەكێتی سەردانی ئێران دەكاتەوە بۆ هەمان پرسو وەڵامی یەكلاییان بەئێران نەوتووەو چاوەڕوانی چارەسەركردنی دۆخی سیاسیی هەرێمن״.
هـ ـ ح