هەرێم خاڵە جێبەجێنەكراوەكانی دەستووری عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسانی بەغدا

عیراق

13/08/2017‌ 781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم خاڵە جێبەجێنەكراوەكانی دەستووری عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسانی بەغدا.

لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەسەڵاحەدین بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست نیشانكرا بۆ سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی شاندی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم.

لەو بارەیەوە ڤیان دەخیل ئەندامی شاندی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، رایگەیاند "پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانمان دەبێت لەگەڵ بەغدا".

ڤیان دەخیل، كە یەكێك بوو لەبەشداربووانی كۆبوونەوەكەی رۆژی دوو شەممەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راشیگەیاند "پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم بۆ سەربەخۆیی تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانمان دەبێت لەگەڵ بەغداو بەلایەنە سیاسییەكانی عێراق رادەگەیەنین، كە هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات".

دەخیل هەروەها رایگەیاند "هەموو ئەو ماددە دەستوورییانەمان دەستنیشانكردووە، كە بەغدا پابەندی نەبووە، كە زیاتر لە ٥۱ ماددەی دەستووری دەبن لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێم جێبەجێ نەكراون".

شاندەكەی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پێكهاتوون لەرۆژ نووری شاوەیس، فوئاد حوسێن، سەعدی پیرە، محەممەد ئەحمەد، ماجید عوسمان، رۆمیۆ هەكاری‌و ڤیان دەخیل.

هـ ـ ح