عەبادی لەكۆبوونەوەكەی شاندی هەرێم باسی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقی كردووە

عیراق

15/08/2017‌ 832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەكەی شاندی هەرێمی كوردستان، كە بەناوی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم چوونەتە بەغدا باسی یەكپارچەیی خاكی عێراقی كردووە.

بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، ناوبراو شەوی رابردوو لەگەڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێكردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان كردووەتەوە، كە دەبێت كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەربكرێت، "بەشێوەك پارێزگاری لەیەكپارچەیی خاكی عێراق بكات".

هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردووەتەوە، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ هەماهەنگی نێوان هەلێرو بەغدا بۆ شەڕی داعش بەردەوامی هەبێت.

لەراگەیەنراوەكە ئەوەش هاتووە، لایەنی عێراقی‌و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راشكاوانە قسەیان لەسەر كێشەكان كردووە، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.

شاندەكەی هەرێم رۆژی دوو شەممە چوونە بەغدا، كە بەپێی ئەجێندای كاری شاندەكە بێت، دەبێت پرسی ئەنجامدانی ریافراندۆم لەمانگی نۆی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس بكەن.

هـ ـ ح