سەعدی پیرە: گفتوگۆكانمان لەبەغدا زۆر باش بوو

کوردستان

16/08/2017‌ 751 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان "زۆر باش بوو".

سەعدی ئەحمەد پیرە رۆژی چوار شەممە لەشاری بەغدا لەمیانی كۆنگریەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوانەی خستەڕوو، كە دوو رۆژە شاندەكەی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئەنجامیانداوە.

ئەندامەكەی شاندی هەرێم سەرەڕای جەختكردنەوە لەباشی كۆبوونەوەكانیان، بەڵام راشیگەیاند "لایەنە عێراقییەكان بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێم پارێزگاری دەكەن‌و دەڵێن، ئێستا كاتی نییە".

سەعدی پیرە هەروەها ئەوەی راگەیاند، كە سەرجەمی لایەنە عێراقییەكان جەختیان كردووەتەوە، ئامادەن بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی لەماوەی رابردوو لەنێوان هەردوولادا سەریهەڵداوەو بەردەوامیشی هەیە.

دوو رۆژە شاندێكی هەرێم لەشاری بەغدایە، ئەوەش بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ریفراندۆم، كە بڕیارە مانگی نۆی داهاتوو بەرێوەبچێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی راگەیاند، كە چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ماوە ئەمشەو "لەگەڵ شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان كۆدەبینەوە، كە ئەوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ‌و یەكلاكەرەوە دەبێت".

هـ ـ ح