وەك شاندێكی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ نەكردوون
شارپرێس هەڵوێستی لایەنە شیعەكانی عێراق لەسەر شاندەكەی هەرێم ئاشكرادەكات

کوردستان

18/08/2017‌ 1952 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە شیعییەكانی عێراق لەسەر ئەو شاندەی هەرێمی كوردستان روویان لەبەغدا كردووە، بۆچوونیان جیاوازبووەو وەك شاندێكی سیاسیش مامەڵەیان لەگەڵ نەكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بۆ شارپرێس، بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو شاندەی، كە بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێم چوونەتە بەغدا، پێشتر لایەنە شیعییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتوون چۆن مامەڵ‌یان لەگەڵ بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەناو لایەنە شیعییەكان سێ‌ بۆچوونی جیاوازیان هەبووە، كە دواتر ئەوەیان بووەتە بڕیار مامەڵەیەكی نەرم لەگەڵ شاندەكەو پرسی ریفراندۆمی هەرێم بكەن.

شاندەكە رۆژی دوو شەممەی رابردوو سەردانی بەغدایان كرد، كە پێشتر وا راگەیەنراوبوو، ئەو شاندە بۆ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ لایەنە حكومی‌و حیزبییەكانی عێراق گفتوگۆدەكات، كە تائێستاش لەشاری بەغدان.

شاندەكە سەرەتاو شەوی دوو شەممە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، كە زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوەش دەكەن، لەكۆبوونەوەكە عەبادی وتوویەتی: "من لەرێگەی میدیاوە وەڵامیان نادەمەوە ،بەڵام بەتوندی دژی ریفراندۆم دەوەستمەوە".

هەروەها كاتێك شاندە چوونەتە بەغداو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران عەبادی وەك شاندی وەزاری لەگەڵیان دانیشتووە، "نەك شاندی سیاسی‌و گفتوگۆی نێوان شیعەو كورد".

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە "شیعەكان لایان وابووە شاندەكەی كورد لاوازبووەو وەرەقەی گفتوگۆیان پینەبووە، جگە لەدوو كەسیان، كە ئەوانیش خاوەن بڕیار نین لەحیزبەكانی خۆیان، ئەوانی تر كەسانی ناسراویان تێدانەبووە".

سەرچاوەكە ئاشكراشیكراد، كە "زمانی شاندەكە لەهەموو دانیشتنەكاندا زمانی گفتوگۆ نەبووە ئەوەندەی زمانی ئەوەبووە، كە خۆیان بەزەبوون نیشانداوەو داوای رێگاچارەیان كردووە بۆ كێشەكان".

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، "تەنانەت لای ئەمریكاییەكانیش داوایان كردووە چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە، كاتێك پێشیان وتراوە ریفراندۆم دوابخریت ئەوان داوای گەرەنتیان كردووە".

شاندەكەی هەرێم لەرێگەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پێكهێنراون‌و رەوانەی بەغدا كراون، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنەكە رۆژی 25/9/2017یان دیاریكرد، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم.

هـ ـ ح