مەلا بەختیار روونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی سەعدی پیرە بڵاودەكاتەوە

کوردستان

22/08/2017‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار روونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی سەعدی پیرەی بڵاوكردەوە، كە پەیوەندی بەپرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەرێگەی سكرتێری رۆژنامەوانی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە روونكردنەوەیەكی لەسەر قسەكانی سەعدی پیرە بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە سەعدی پیرە "روونكردنەوەیەكی نوسیووە، وا پێویستە راستییەكان باشتر روونبكرێتەوە".

نووسینگەكەی مەلا بەختیار بەم خاڵانە قسەكانی روونكردووەتەوە:
یەكەم: لەچاوپێكەوتنی ئاژانسی (رۆیتەرز)دا هەرگیز مەلا بەختیار نەیگوتووە، وەفدەكەی كوردستان، یان سەعدی پیرە، لەسەر پۆست‌و پلەوپایەو پارە، وەكو بەدیلی ریفراندۆم، قسەیان كردووە (دەقی چاوپێكەوتنەكەمان بە دەنگ‌و بە چاپكراویی لامانە) بەڵكو لەوەڵامی پرسیاری رۆیتەرزدا، كە كێشەمان لەگەڵ، بەغداد چییە؟ هەڤاڵ مەلا بەختیار وتویەتی كەوا: لەسەر بودجەو نەوت‌و پێشمەرگەو سنوری كوردستان‌و شەراكەتی راستەقینەو مادەی (140) كێشەمان لەگەڵ بەغداد هەیە (وەفدەكەش هەر ئەمەیان وتووە لەكۆبونەوەكاندا).

دووەم: لەیەكەمین كۆبونەوەی وەفدەكەوە، وەكو ئەركێكی حزبی، بۆئەوەی مەكتەبی سیاسی وردەكاری دانیشتنەكان بزانین، هەڤاڵ سەعدی رۆژانە دوو یان سێ‌ جار، تەلەفۆنی بۆ هەڤاڵ مەلا بەختیار كردووەو بەسوپاسەوە، ناوەرۆكی دانیشتنەكانی رونكردۆتەوە.

سێهەم: هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەچاوپێكەوتنی رۆیتەرزدا، لەسەر ریفراندۆم، دەقاودەق ئەمەی خوارەوەی وتووە:

"هەندێك بیروڕا وەكو بەدیل باسدەكرێ‌، هەتا ریفراندۆم دوابخرێ‌. وەفدەكە دەسەڵاتی پەسەندكردنی هیچ بەدیلێكی نییە. بەڵكو وەفدەكە بۆچونەكان دێنێتە كوردستان‌و حزبە كوردستانیەكان لەسەری كۆدەبینەوەو پێكەوە بڕیاردەدەین ئایە ئەو بەدیلە قبوڵدەكەین یان ناكەین."

چوارەم: لەسەر داوای هەڤاڵ سەعدی، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لەبەرواری (19/8/2017)دا نامەی رەسمی لە (14) خاڵدا بەشەخسی بۆ هەڤاڵ سەعدی ناردووە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كە پیشنیازو پرۆژەی تریان بۆ چارەسەری تێكڕای كێشەكانی بەغدادو هەرێم هەیە، هەتا گوایە ریفراندۆم دوابخرێ‌ (وەفدەكە) سودیان لێوەربگرێ‌.

لەپێشەكی نامەكەدا نوسیومانە "ئەو خاڵانە بڕگە جێبەجێنەكراوەكانی دەستورو، رێكەوتنە سیاسییە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم‌و بەغدادو، پێویستی نوێی كوردستانن. ئومێدەوارین سودیان لێوەربگرن".

شایەنی باسە هەڤاڵ سەعدی لەو كۆبونەوەدا بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی نەبووە، كە كاندید كراوە بۆ وەفدەكەی بەغداد. هەر لەو كۆبونەوەدا، وتراوە: "ئەوانەی داوامان لێدەكەن ریفراندۆم دوابخرێ‌، با بەدیل‌و زەمانمان بدەنێ‌".

ئەمڕۆش مەسعود بارزانی، وتویەتی: "هەتا زەمانی باشتر نەبێ‌، ئەستەمە وادەی ریفراندۆم دوابخرێ‌".

هـ ـ ح

بەپەلە