فەرەنسا داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكات‌و بارزانیش داوای گرەنتی دەكات

کوردستان

27/08/2017‌ 1386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرەنسا بەفەرمی داوای دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی كردووەو لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی بۆ دواخستنەكە داوای گرەنتی كردووە.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، فەرەنسا لەرێگەی وەزیرانی دەرەوەو بەرگری داوای دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كردووە.

فەلاح مستەفا راشیگەیاند، وەزیرەكانی فەرەنسا باسیان لەوە كردووە، كە ئێستا دۆخی ناوچەكە ئەوە ناخوازێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت‌و هەلێرو بەغداش دەتوانن گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەبارەی وەڵامی بارزانی بۆ داواكارییەكەی وەزیرەكانی فەرەنسا، رایگەیاندووە، كە ئەوان لەسەر بڕیاری خۆیان بەردەوامدەبن‌و ئەگەر ئەو لایەنانەی داوای راپرسییەكە دەكەن گرەنتییەك بدەنە هەرێم، ئەوە قسە لەسەر دواخستنی دەكەن.

جون ئێڤ لودریان‌ وەزیری دەرەوەو فلورانس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا رۆژی شەممە دوای سەردانیان بۆ بەغدا، سەردانی هەولێریان كردو شەوی رابردوو لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەوە.

سەردانەكەی ئەو دوو وەزیرەی فەرەنسا لەكاتێكدایە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح