شارپرێس:
بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، دەزگای گشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی پێكهێناوە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەرۆژی 5/9/2017 دەرگای هەڵمەتی بانگەشەكردن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان كردووەتەوەو تا رۆژی 22/9/2017 بەردەوام دەبێتو 25/9/2017ـیش رۆژی دەنگدانی كوردستانیانە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای گشتی هەڵبژاردنی پارتیو ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبە، لەلێدوانێكی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند "وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لیژنەیەكمان بۆ هەوادارانی حیزبمان پێكهێناوە، تاوەكو هانیان بدەن بەشداری لەرۆژی دەنگدانی ریفراندۆم بە (بەڵێ) بكەنو بەردەوامیش دەبین".
لەمەڕ هەوڵدانیان بۆ ئاسانكاریكردنی كوردانی تاراوگە، تاوەكو لەو رۆژەدا بەشداری دەنگدانی ئەو پرسە بكەن، حەسرۆ گۆران رایگەیاند "هەوڵی زۆرمان داوە تاوەكو مەرجی بوونی پسولەی خۆراك بۆ بەشداربوونی ئەو هاووڵاتییانەی لەتاراوگە دەژیێن، نەهێڵدرێت، بەو هاووڵاتیانەشەوە، كە دەكەونە بازنەی ریفراندۆمەوە".
بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی، نزیكەی پێنج ملیۆنو 500 هەزار كەس لەسەرتاسەری باشووری كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 46 هەزار سندووقو سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ پرۆسەكە ئامادە كراون.
هـ ـ ح
