شارپرێس:
ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی سەردانی هەولێر دەكاتو لەسەردانەكەشیدا بەفەرمی داوای دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكات.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەراپۆرتێكدا ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویكردووەتەوە، كە ئەحمەد ئەبو غەیت سەردانی هەولێر دەكاتو لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆببێتەوە، كە كاتی سەردانەكەی دیارینەكراوە.
رۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسییەوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی دەیەوێت باوەڕ بە بەرپرسانی هەرێم بهێنێت، نابێت لەو وادەیەی دیاریكراوە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی لێكەوتووەتەوەو كۆمكاری عەرەبیش بەفەرمی راگەیاندووە، پشتگیری یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات.
رۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی، پێشنیازی ئەوە دەخاتەوە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، كە كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەربكەنو "برایەتی نێوان كورد عەرەب لەعێراق بپارێزن".
هـ ـ ح