بەرانبەر بانگەشەی ریفراندۆم بێدەنگی هەڵبژاردووە
بەغدا لەبەرانبەر جیابوونەوەی هەرێم لەعێراق هەنگاوی جدی ناگرێتە بەر

کوردستان

07/09/2017‌ 2531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەراپۆرتێكدا بەناونیشانی "بەغدا بێدەنگی بەرانبەر هەڵمەتی بانگەشە بۆ ریفرەندۆم هەڵبژاردووە"، ئاماژەی بەوەكردووە حكومەت‌و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەڵوێستێكی جدییان بەرانبەر پرسەكە نییە.

لەراپۆرتەكەدا هاتووە، لەگەڵ دەركردنی چەند بەیاننامەیەكی حكومەتی عێراق بۆ دژایەتیكردنی ریفرەندۆمی هەرێم، بەڵام هەڵوێستێكی جدی‌و كرداری لەلایەن حكومەت‌و لایەنە سیاسییە عێراقییەكانەوە نەبینراوە.

لەئێستادا بانگەشەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم لەبەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە دەستیپێكردووەو لەزۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكرات بانگەشەی  "بەڵێ" بۆ ریفراندۆم دەكرێت، بەڵام وەك لەراپۆرتەكەی شەرقلئەوسەتدا هاتووە لایەنە عێراقییەكان بێدەنگیان لەو بارەشەوە هەڵبژاردووە.

لەو بارەوە عالیە نەسیف وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای دەسەڵاتدار لەعێراق، رایگەیاندووە "بێدەنگی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بەرانبەر هەوڵەكانی هەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفرەندۆم بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان جێگەی سەرسوڕمانە وەك ئەوە وایە هەرێم بەشێك نەبێت لەخاكی عێراق".

عالیە نەسیف راشیگەیاندووە "بەغدا دیدێكی روونی" بەرانبەر بەپرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان نییە.

وتەبێژەكەی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی راگەیاندووە، كە چاوەرێدەكات هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (كۆمار، وەزیران‌و پەرلەمان) هەڵوێستێكی توندیان دژی ریفراندۆم هەبێت‌و لەرێگەی دادگای دەستوورییەوە پرسەكە بە "نایاسایی" دابنێن تا بەلایەنی كەمەوە لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە "ناشەرعی" بناسرێت.

عالیە نەسیف داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، هەروەها ئاماژە بەوەدەكات پێویستە پشتگیری ئەو لایەنانەی ناو هەرێم بكرێت، كە "دژایەتی ریفراندۆم دەكەن"، كە بزووتنەوەی گۆڕانی بەنموونە هێناوەتەوە.

ئەو پێیوایە بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان هۆكاری بێدەنگیان لەپرسەكە پەیوەندی بەدژایەتی ناوچەییەكانە بۆ شكستپێهێنانی راپرسییەكەو سەرنەكەوتنییەوە هەیەو رایگەیاندووە، كە تەنیا وەك "كارتێكی فشاری دەبینن بۆ دەستكەوتی سیاسی‌و ئابووری زیاتر لەبەغدا."

عالیە نەسیف هەروەها رایگەیاندووە "زەرەرمەندی یەكەم لەپرۆسەكە لایەنە سوننەكانن، بەڵام بەرپرسەكانیان لە هەولێر دانیشتوون‌و هیچ كاردانەوەیەكیان نییە"، ئەوەش وەك رەخنەیەك لەو پێكهاتەیەی عێراق.

هەر لەوبارەوە پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا لەئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە لەبەرنامەیاندایە لەدانیشتنی داهاتووە ئەنجوومەنەكەدا ئەو پرسە لەپەرلەمان بوروژێنن ‌و بە "ناشەرعی بوونی دەنگ بدەن"، ئەوەش دەڵێت "نازانێت تا چەند كاریگەری دەبێت."

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و چەند رۆژێكیشە بانگەشە بۆ ئەو پرۆسەیە لەهەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.

ر , ح


بەپەلە