پێشمەرگەو حەشدی شەعبی هێزەكانیان زیادكردووە
هێزە شیعەكان‌ داوای ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لەخورماتوو دەكەن

کوردستان

13/09/2017‌ 1019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزە شیعییەكانی قەزای خورماتوو بەفەرمی داوای ئەنجامنەدانی ریفراندۆمیان لەو قەزایە لەشاندی كوردی كرد، ئەوەش بەبیانوووی ئەوەی خورماتوو سەر بە‌پارێزگای سەڵاحەدین‌و لە‌دەرەوەی مادەی 140ی دەستوری عێراق.

لەبەرانبەردا كورد داواكەی رەتكردنەوە، هەردوولاش ژمارەی هێزەكانیان لەدەوروبەری ئەو قەزایە زیادكردووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریگا.

محەمەد فایەق، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، بەشداربووی كۆبوونەوەكەكەی رۆژی سێ‌ شەممەی نێوان لایەنەكان لەو بارەوە رایگەیاند "كورد داواكەی شاندی شیعی بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لەخورماتوو رەتكردەوە"، پێشیانووتوون، كە "دەتوانن ئەوان بە نەخێر دەنگ بەریفراندۆم بدەن."

داواكارییە فەرمییەكەی شاندی شیعی بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە خورماتوو، لەكاتێكدایە ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەدەوروبەری خورماتو زیادكراوە، بەتایبەت پێشمەرگە هێزێكی زۆری بردوووەتە بازگەی مەفرەقی سلێمان بەگی نێوان ئامرلی‌و خورماتوو.

لیوا شێخ سەعید، فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری‌و فریاكەوتن لەخورماتوو، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری لە نزیك ئامرلی بڵاوەپێكردووە، هەروەها لەسنووری یەنگیجەی سەر بەناوچەی زەرگەی نزیك خورماتووش ژمارەی هێزەكانیان زیادكردووە."

لیوا شێخ سەعید، هەروەها رایگەیاند "پێشمەرگەش لەناوچەكەدا ژمارەی هێزەكانی زیادكردووە، بەڵام تائێستا هیچ گرژیەك رووینەداوە."

لەگەڵ زیادكردن‌و جوڵەپێكردنی هێزەكانی حەشدو پێشمەرگە لەسنووری خورماتوو، ژمارەیەك خێزان، كە گومان دەكرێت كەسوكاری چەكدارانی حەشدی شەعبی بن، خورماتوویان بەرەو ناحیەی ئامرلی شیعەنیشین جێهێشتووە.

هـ ـ ح