سەردانەكەی بارزانی بۆ كەركوك نیگەرانی لایەنە شیعەكانی لێكەوتووەتەوە

عیراق

13/09/2017‌ 1232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی رۆژی سێ‌ شەممە سەردانی شاری كەركوكی كردو لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری پارێزگاكەو نوێنەری حیزب‌و لایەن‌و پێكهاتەكاندا كۆبووەوە، كە ئەمە نیگەرانی لایەنە شیعەكانی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری كورد لەبەغدا دراوە بەشارپرێس، كە سەركردایەتی سیاسی شیعە زۆر نیگەرانن لەسەردانەكەی بارزانی بۆ كەركوك، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەوان لەگەڵ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەگشتی نین، بەتایبەتی لەشاری كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، سەركردایەتی سیاسی شیعە وای دەبینن، بارزانی بەمەبەست ئەوكاتەی دیاریكردووە بۆ چوونی بۆ كەركوك، بەتایبەتی لەئێستادا، كە دۆخی ئەمنی ناوچەكە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەر حەویجە لەئارادایە.

بارزانی لەسەردانەكەی بۆ كەركوك جەختیكردەوە، كە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرێوەدەچێت‌و لەكەركوك‌و ناوچەكانی تریش ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت.

سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ كەركوك لەكاتێكدایە، كە لایەنە شیعەكان بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن لەئەگەری بەرێوەچوونی پرۆسەكەو هۆشدارییەكانیش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح