هەوڵەكانی مەگۆڕك بۆ دواخستنی ریفراندۆم لەسلێمانییەوە دەستپێدەكات

کوردستان

13/09/2017‌ 4791 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵەكانی برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەشاری سلێمانی دەستپێدەكات، بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، ئەمڕۆ چوار شەممە برێت مەكگۆڕك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە، ئەوەش بۆ پرسی دواخستنی ریفرادۆمی هەرێم، كە سەردانەكەی سەرەتا لەشاری سلێمانییەوە دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، وێستگەی یەكەمی سەردانەكەی برێت مەكگۆڕك، لەشاری سلێمانی  كۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كۆدەبێتەوە.

هەروەها وێستگەی دووەمی سەردانەكەی ناوبراو لەبارەگای مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت‌و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ هەمان مەبەست كۆدەبێتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، ئامانجی سەرەكی مەكۆرك‌و شاندێكی ئەمریكا بۆ هەرێم‌و كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان‌و لایەنەكانی تر، بۆ پرسی دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە، كە بڕیارە 25 ئەم مانگە بەرێوەبچێت.

شارپرێس پێشتر لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەی ئاشكراكردبوو، ئەمریكا لەئێستا دەیەوێت پرسی ریفراندۆم دوابخات، كە هاتنی مەكگۆرك بۆ هەرێم هەوڵێكی نوێی ئەو وڵاتەیەو سەرچاوەكەش بە "هەوڵێكی جدی ناوی برد".

هـ ـ ح