شارپرێس:
حەیدەر عەبادی بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان چەند رێكارێك دەگرێتە بەرو بەغداش دەیەوێت ریفراندۆمەكە ئەنجامنەدرێت، نەك دوابخرێت.
بەپێی نووسراوێك، كە تایبەت دەست شارپرێس كەوتووە، لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كراوەو لەو بارەوە حەیدەر عەبادی چەند قسەیەكی كردووە.
هەر بەپێی نووسراوەكە، لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیاتر لەسەعاتێك گفتوگۆ لەبارەی ریفراندۆمی هەرێم كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ ئەو پرسەی ورژاندووەو داوای لەسەرۆك وەزیران كردووە لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆمی هەرێم هەڵوێست رابگەیەنێت.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێ شەممە لەكۆبوونەوەیەك بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی رەتكردەوە، كە داواشی لەحكومەت كرد لەو بارەوە رێكاری پێویست بگرێتە بەر.
شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە لەوەڵامدا عەبادی رایگەیاندووە "گفتوگۆ لەو بارەوە بەردەوامە"و باسی لەچەند رێكارێكیش كردووە، ئەوەش بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم.
بەقسەی عەبادی یەكێك لەرێكارەكان ئەوەیە، بەغدا لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا لەهەوڵدایە، بۆ ئەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەنجامنەدرێتو رێگری لەئەنجامدانی بكرێت.
هەر بەقسەی عەبادی بەغدا دەیەوێت پرۆسەكە بەرێوەنەچێت، نەك دوابخرێت، چونكە بەدواخستنی جۆرێك لەشەرعییەت بەریفراندۆمی هەرێم دەدرێت، كە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.
عەبادی پرسی هێرشی سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق بۆ كوێت، بەهەمان پرسی هەوڵەكانی كورد بۆ شاری كەركوك وەسفكردووەو رایگەیاندووە "ئەو دوو رووداوە هەمان شتنو نابێت هەولێر بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو شارە بكات".
بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دراوەو چەند جارێكیش سووربوون بۆ ئەنجامدانی دووپاتكراوەتەوە، كە بەغدا بەوە ناڕازییەو ئەمریكاش لەگەڵ پرۆسەكە نییە.
هەر لەكۆبوونەوەكە عەبادی باسی لەكێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كردووەو رایگەیاندووە، سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی یاسایی هەیەو پەرلەمان داخراوە، بەو هۆیەش رۆڵی چاودێری نەماوە.
هەروەها جەختی لەوەش كردووەتەوە، مامەڵەی هەرێم لەگەڵ ناوچە كێشە لەسەرەكان، مامەڵەیەكی تەندروست نییەو "دەبێت سیاسەتی ئەمری واقیع لەو ناوچانە نەسەپێنرێت".
بەغدا لەوە نیگەرانە، كە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێم عێراق لەلایەن هەولێرەوە كۆنتڕۆڵكراوەو بڕیاریشداوە، كە لەو ناوچانە لە 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت.
كۆتا خاڵیش، عەبادی لەكۆبوونەوەكە خستوویەتییە روو، ئەوە بووە، كە داوای لەوەزیری بەرگری كردووە كار بۆ پاراستنی بارەگای حیزبە كوردییەكان لەبەغدا بكات، ئەوەش دوای ئەوەی بەفەرمی داوای پاراستنی بارەگاكانیان لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە.
هـ ـ ح
